بێگەرد تاڵەبانی، لەگەڵ رێکخراوی بازرگانی جیهانی ITC کۆبۆوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رێکخراوی بازرگانی جیهانی ITC لە ڕێگەی پڕۆژەی SAAVI هاوکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوهکانی ئاو دەکات لە پاڵپشتی زنجیرەکانی بەرهەمهێنان لە کێڵگەوە تا بازاڕ.
رۆژی 2021/7/11، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی ستافێکی وەزارەت سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد لەگەڵ تیمی راوێژکاری و شارەزایانی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی ITC / International Trade Center .
کە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکانە و لەڕێگەی یەکێتی ئەورووپاوە پاڵپشتی دارایی دەکرێت لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی SAAVI بۆ گرنگیدان بە بەهاکانی کشتوکاڵی بەتایبەتی ئەم پڕۆژەیە جەخت دەکاتەوە لەسەر ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و پاڵپشتی پڕۆژەکانی بچووک و مام ناوەند و پەرەپێدانی بەهاکانی کشتوکاڵی و کەرتی دەواجن.
هەروەها لە بەشێکی تری ئەم کۆبوونەوەیە کە تایبەت بوو بەو هەڵسەنگاندن و توێژینەوانەی ئەم ڕێکخراوە ئەنجامی داوە لەگەڵ جوتیاران دەبارەی کێشەکانی ساغکردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جوتیاران بەتایبەتی لە بەرهەمی سەوزەی تەماتە، بۆئەم مەبەستە بێگەرد تاڵەبانی وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانی ڕێکخراوی ناوبرای دایەوە کە بۆ ئەوەی هەردوو لا پێکەوە نەخشە ڕێگایەک بۆ چارەسەری کێشەکان و داواکاریەکانی جوتیاران دابنێن و ئاماژەی کرد بە هەنگاوەکانی بەبازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆی تەماتە.
هەر لە میانی ئەم کۆبوونەوەیە باسی هەوڵ و بەرنامەکانی وەزارەت کرا لەپێناو ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆی جوتیاران و ئاسانکاریەکانی لە لێخۆشبوونی گومرگی و کەمکردنەوەی کرێی کارەبا بۆ پڕۆژەکان و قەدەغەکردنی بەرهەمی هاوردە لەکاتی وهرزی پێگەیشتنی بەرهەمی خۆماڵی و زیادکردنی باج لەسەر بەرهەمی هاوردە.
لەبەشێکی تری ئەم کۆبوونەوەیە داواکرا لە ڕێکخراوی ناوبراو لەمیانی پڕۆژەکەیان زیاتر هەماهەنگی و هاوکاری وەزارەت بکەن لە پەرەپێدانی یەکەکانی توێژنەوە و رێنمایی کشتوکاڵی و پاڵپشتی بۆ یەکەی یەکسانی جێندەری و هاوکاریکردنی ژنانی لادێ بە دابینکردنی ئامێرەکانی تەکنەلۆژیای بچووک بۆ خاوەن کاری لادێکان و کردنەوەی هەفتەبازاڕی بەرهەمە خۆماڵییەکانی جوتیاران.
لەکۆتاییدا ستافی باڵای ئامادەبووی ڕێکخراوەکە بەڵێنیان دا کە هەماهەنگی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بکەن بۆ پاڵپشتی زنجیرەکانی بەرهەمهێنان لە کێڵگەوە تا بازاڕ.