ياداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە نێوان حکومەتی هۆڵەندا و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو واژۆکرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – رۆژی 2021/7/25 بە ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و کونسوڵی گشتی وڵاتی هۆڵەندا، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو لادا واژۆکرا.
ئەم لێکتێگەیشتنه بە مەبەستی پێشکەشکردنی ڕاوێژکاری و هاوکاری و هەماهەنگی وڵاتی هۆڵەندایە لە بواری پەرەپێدانی پیشەسازی کشتوکاڵی و گرنگیدانی زیاتر بە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و ڕەخساندنی دەرفەتی کار و بازاڕسازی و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی وەبەرهێنەرانی پڕۆژەکانی پیشەسازی کشتوکاڵی و ئاشنابوون بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی بەرهەمهێنان لە ڕێگەی تیمێکی راوێژکاری و هونەری.
دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا بێگەرد تاڵەبانی ئامانجی واژۆکردنی یاداشتنامەکە و هاتنی شاندەکەی هۆڵەندای باسکرد .
جێی باسە ئەم شاندە فەرمیەی هۆڵەندا بۆ ماوەی هەفتەیەک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا دەمێننەوە و چەندین کۆبوونەوە و دیدار و پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژیی بەیاوەری تیمێکی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەسەر دەکەنەوە.