Skip to the content

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەبێ بەرامبەر دەرمانی قڕکەر بۆ جوتیاران دابین دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ٢٠٢١/٣/٣١ بەسەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەئامادەبوونی بریکار و راوێژکار و ب.گشتی توێژینەوە و رێنمایی کشتوکاڵیی و بەڕێوەبەری بنەتۆی هەرێم و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی وەزارەت ، دەربارەی چۆنیەتی خەرجکردنی پارەی %2 ی بنەتۆی جوتیاران کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجامدرا.

دوای گفتوگۆو دیراسە و گەڵاڵەکرنی ڕاوسەرنجی ئامادەبووان و لەپێناو بەرژەوەندیی جوتیاران، بڕیاردرا لەمەودوا بڕی پارەی 2% ی بنەتۆی جوتیاران تەنها بۆ ئەم مەبەستانەی خوارە خەرج بکرێت:

 

1/ پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستیی لە بواری بنەتۆی گەنم.

 

2/ بەرهەمهێنان و زیادکردنی بنەتۆی گەنم، بەهەر سێ پلەکەیەوە.

 

3/ گرنگیدان بە رێنمایی کشتوکاڵیی لە قۆناغەکانی چاندن تاوەکو بە بازاڕ کردن.

 

4/ دابینکردنی دەرمانی قڕکەر و پەین بۆ جوتیارانی هەرێمی کوردستان.

 

5/ گرنگیدان بە تاقیگە بۆ بواری توێژینەوەی گەنم.

 

هەروەها بڕیاردرا لە نزیکترین کاتدا بەبێ بەرامبەر و لەسەر پارەی 2%ی بنەتۆی ساڵی 2018 ،دەرمانی قڕکەر بۆ جوتیاران دابین بکرێت ، بەپێی ئامادەکردنی مەرج و رێنماییەکان کە لەلایەن ب.گشتی توێژینەوە و رێنمایی کشتوکاڵیی بۆ ب.گشتی پارێزگاکان دەردەچێت.

جێگەی ئاماژەیە لە دوایین سەردانی شاندی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق، ته‌ئکیدکرایەوە لەسەر شایستەی 2%ی بنەتۆی گەنمی جوتیاران و بەڵێنیاندا کە پارەی شایستەی ساڵی 2020 گەنمی جوتیاران دابین بکەن.