Skip to the content

شاندی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، سەردانی سێ کێڵگەی کشتوکاڵیان لە وڵاتی ئوردن کرد.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢١/٣/١٧ لە کۆتا ڕۆژی خۆیان لە وڵاتی ئوردن، شاندەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوکانی ئاو، سەردانی سێ کێڵگەی کشتوکاڵی پێشکەوتیان کرد لە ناوچە جیاجیاکانی ووڵاتی ئوردن.

سەرەتا شاندەکە سەردانی کێڵگەیەکی کشتوکاڵی جوتیارێکی نمونەییان کرد بەناوی کێڵگەی کشتوکاڵی تاجی، لە ناوچەی غورالاردن لە عەمانی پایتەختی ئوردن، کە لە کێڵگە کشتوکاڵیەکەی چەندین جۆر لە تەماتەو باینجانی چاندبوو بە شێوازی هایدرۆپۆنیک لە ڕووبەری ١٠٠دۆنم، هەرلەناو کێڵگەکەشیدا کاری لە قوتونانی بۆ بەرهەمەکانی دەکرد دوای پێگەیشتنیان.

دواتر سەردانی کێڵگەی الکرامەیان کرد کەتایبەتبوو بە بەرهەمهێنای گەڵای مێو لە ناوچەی دیر علا-گوندی معدی، خانوەپلاستیکیەکانی ئەم کێڵگەیەش بەشێوازی هایدرۆپۆنیک بوو لەسەر ڕووبەری ٦٠ دۆنم، جێی سەرنجە لەم خانوە پلاستیکیانە تەنها گەڵای مێو بەرهەم دەهێنرا کە جیاوازیەکی زۆری هەبوو لە ڕووی تام و بۆن و کوالێتی و زوتریش لە گەڵای مێوی ئاسایی پێدەگات، هەرلەناو کێڵگەکەشدا کاری لە قوتونان بۆ بەرهەمەکان دەکرا، وە بۆزانین کۆمپانیای ئیکۆ کونسوڵت سیستەمی فێنکەرەوەی دابینکردبوو بۆ بەشێک لە پرۆژەکە کەبریتی بوو لە خانوی پلاستیکی مەڵتی سپان، بەپشتیوانی دارایی حکومەتی هۆڵەندی.

لە دواییدا سەردانی وێستگەی توێژینەوەی گەشەپێدانی تۆوی سەوزەواتیان کرد بەناوی کۆمپانیای (Nunhems) کە کۆمپانیایەکی هۆڵەندییە لە پارێزگای عەمان ناوچەی غورالاردن گوندی کریمە، ئەم کۆمپانیایە هۆڵەندیە یەکێکە لە پێنجەمین کۆمپانیاکانی جیهان لە بەرهەمهێنانی تۆوی سەوزەوات لە ناوچەی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا.

ئەم کۆمپانیایە ساڵانە لە قۆناغی یەکەم چەندەها تۆوی سەوزەوات تاقیدەکەنەوەو دواتر لەقۆناغی دووەم ٦٠ جۆری لێ هەڵدەبژێرن و بۆ جاری سێیەم تاقیدەکرێتەوە پاشان ٦ جۆری لێ هەڵدەبژێرن و دەینێرن بۆ وڵاتانی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیاو لەو وڵاتانەش بەپێی کەش و هەواو جۆری خاکەکەی یەک جۆری لێ تۆماردەکرێت و پەسند دەکرێت بەپێی یاسای ئەو وڵاتە، کە هەرێمی کوردستانیش یەکێکە لەو شوێنانەی ساڵانە تۆوی ئەم کۆمپانیایەی لێ تاقیدەکرێتەوەو جوتیاران لێی سودمەند دەبن.

وابڕیارە بەیانی ڕۆژی پێنج شەمە لەڕێوڕەسمێکی شایستە بڕوانامەی تایبەت بەکۆمپانیای ئیکۆ کونسوڵت بەسەر بەژداربوانی خولەکە دابەشبکرێت و پاشان بەرەو هەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە.