لە هەرخانوێکی پلاستیکی نۆرماڵ، دوو تا سێ تەن بەروبومی شلک بەرهەمدەهێنرێ لە وڵاتی ئوردن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە چوارەمین رۆژی خۆیان لە وڵاتی ئوردن، کە لەسەر بانگهێشتی حکومەتی هۆڵەندا، بەسەرپەرشتی کۆمانیای ئیکۆ کونسوڵت سەردانی وڵاتی ئوردنیان کردووە بۆ مەبەستی سەردانیکردنی پرۆژە کشتوکاڵیەکانی ئەو وڵاتە، ئەمڕۆ یەکشەممە 2021/3/14 شاندی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و ژمارەیەک دکتۆری کۆڵێژی کشتوکاڵی و جوتیار و وەبەرهێنی کوردستانی، سەردانی سێ پرۆژەی کشتوکاڵیان کرد لە چەند ناوچەیەکی جیا جیا لە وڵاتی ئوردن.
سەرەتا شاندەکە سەردانی کێڵگەیەکی کشتوکاڵی بەرهەمی شلکیان کرد بەناوی (بستان الٲردن) لە ناوچەی یادودە لە ئوردن، کە بەشێوازێکی سەردەمیانەی مۆدێرن کاری پەینکردن و ئاودانی بۆ ڕێکخرابوو، چاندنی شلک لەم خانوە پلاستیکیانە بەشێوەی هایدرۆپۆنیکە کە شێوازێکی سەردەمیانەی سەرکەوتوە.
لە هەر خانوێکی پلاستیکی چوار تا پێنج هەزار شتڵی شلک دەچێندرێت کە ڕێژەی بەرهەمهێنانی شلک لە هەرخانوێک دوو تەن و نیو تا سێ تەن دەبێت لە وەرزی پێگەیشتنیدا، هەرلە ناو کێڵگە کشتوکاڵیەکە کاری لەقوتونان بۆ بەرهەمە پێگەیشتوەکان دەکرێت و دواتر ڕەوانەی بازاڕەکان دەکرێت.
دواتر شاندەکە سەردانی پرۆژەیەکی تریان کرد بەناوی تالا فارم لە پارێزگای مئدبا گوندی ذیبان، کە خاوەنەکەی بەرهەمەکانی کاهو و کەرەوز و پیازی بەشێوەی هایدرۆپۆنیک چاندبوو لە ناو ئاو، کەشێوازێکی نوێ بوو لە چاندنی ئەم بەرهەمانە بەبێ بوونی خۆڵ.
لە کۆتاییدا شاندەکە سەردانی پرۆژەیەکیان کرد لە پارێزگای مئدبا کە بەشێوەی کۆمەڵەی هەرەوەزی بەڕێوە دەچوو، کە پێک هاتبوو لە پێنج کۆمەڵە، بەڕێوەبەری پرۆژەکەو زۆرینەی کارمەندەکانی ئافرەتبوون پرۆژەکە بەشێوازی راف سیستم ڕێکخرابوو کە شێوازێکی سەردەمیانەی پێشکەوتووە لە ناو ئاودا، لەم پرۆژەیە بەروبومەکانی وەک برۆکلی و کەلەرمی سورو پیاز و جۆرەکانی کاهوی تیا بەرهەم دەهێنرا.
پرۆژەکە لەلایەن چەند ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی پشتگیریکراوە بۆ ئەوەی خەڵکی ناوچەکە سودمەند بن و ئافرەتانی ئەم وڵاتە هانبدرێن و بتوانن لە پرۆژەکشتوکاڵیەکاندا جێ دەستیان هەبێت و پشت بەخۆیان ببەستن.