Skip to the content

حكومه‌تی هه‌رێم پڕۆژەى ٩ بەنداوى ڕاگەیاند کە تواناى بەرهەمهێنانى ١٠٠٠ مێگاوات کارەبایان هەیە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پرۆژە‌ی په‌ره‌پێدان و دروستکردنی نۆ بەنداوی ستراتیجی و دوو پڕۆژەی ئاودێری ڕاده‌گەیەنێت کە بەشێوەی (Public and Private Partnership) ئەنجام دەدرێت.

بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بانگهێشتی ئەو کۆمپانیایانە دەکات کە خواستی بەشداریکردنیان هەیە و هەر بۆ ئەم مەبەستەش ئیمەیلێکیان (relations@krg-moawr.org) بڵاو کردووەتەوە تا لە ماوەی دوو هەفتە دوای ئەو بانگهێشتنامەیەى کە لە لایەن بێگەرد تاڵەبانى وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوەوە واژوو کراوە، کۆمپانیاکان داواکاری و زانیاری پێویست پێشکەش بکەن. پاشان، دۆکیۆمێنت و زانیاریی پێویست دەدرێتە کۆمپانیای دەرچوو بۆ کارکردن لەسەر پڕۆژەکان.
شایەنى باسە ئەو نۆبەنداوە بە پێى پێویستى بەم شێوەیە دابەش کراون بەسەر پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان: پارێزگاى هەولێر ٣ بەنداو (مەنداوە، تەقتەق، سارتک)، پارێزگاى سلێمانى ٢ بەنداو (دێڵگە، خێوەتە)، پارێزگاى دهۆک ٣ بەنداو (ئامێدی/ ڕەقاوە، باکرمان، زاخۆ/باسێ)، ئیدارەى گەرمیان یەک بەنداو (کفرى/بەردەسوور).
بە گلدانەوەى ئاو لەم نۆ بەنداوە، ٩٢٠.٣ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت بەمەش ڕێژەیەکى زۆرى کێشەى کارەبا لە هەرێمى کوردستان چارەسەر دەبێت و لە لایەکى تریشەوە تێچووى بەرهەمهێنانى کارەبا کەمتر دەبێتەوە.