وهزارهتی كشتوكاڵ تاقیگە و پشکنینی دەروازە نێودەوڵەتییەکان یهك دەخات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ ٢٥/٥/٢٠٢١ى زایینى، بهسهرپهرشتی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، کۆبوونەوەیەکی فراوان و تایبەت بە یەکخستنی کاروباری تاقیگەکان و پشکنینی دەروازە نێودەوڵەتییەکان بهڕێوه چوو.
له كۆبوونهوهكهدا گفتوگۆ و بەدواداچوون بۆ کێشەی دەروازەکان و تاقیگەکانیان کرا و پێشنیاری چهند ڕاسپاردهیهك كرا لەسەر چۆنیەتی دانانی سیستەم و میکانیزمێکی گونجاو و هاوبەش بۆ یەکخستنی تایبەتمەندی دەروازە و خاڵە سنوورییەکان و یەکخستنی کرێی پشکنین و جۆر و کوالێتی ئامێرەکان و چارەسەرکردنی کێشە هونەری و کارگێڕی و خزمەتگوزارییەکان و ڕاهێنانی فەرمانبەرانی تاقیگە و سنوور.
لەکۆتاییدا بڕیار لەسەر ئەوە درا کە لەڕێگەی لێژنەیەکی باڵاوە لە وەزارەت، چاودێری و بەدواداچوون بۆ کاروباری سنوورەکان بکرێت و پێداچوونەوە بە میکانیزمەکانی کارکردن بکرێتەوە.