وەزارەتی کشتوکاڵ خوازیارى پەرەپێدان و باشترکردنى بەرهەمى سەوزە و ئاژەڵى ناوخۆییە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ ٢٠٢١/٥/٢٤ بە سەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی و بریکار و ئەندامانی ئەنجوومەنی ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی راوێژکاری بەڕێوە چوو.
لەم کۆبوونەوەیەدا، بە هاوبەشی هەر یەک لە کۆمپانیای جەمرەی تورکی و وەبەرهێنەرێکی کوردستانی، دوو سیمیناری گرنگ پێشکەش کران، یەکەمیان دەربارەی پەرەپێدانی پڕۆژەکانی دروستکردنی خانووی پلاستیکی و شەتڵگەکان و کارگەکانی پاکێجکردنی بەرهەمەکانی سەوزە و میوە و هەماهەنگی بۆ ساغکردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆی جوتیارانی هەرێمی کوردستان ببوو و سیمیناری دووەمیش تایبەت بوو بە کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکانی ئاژەڵ و پەلەوەر بەشێوەی هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت بە مەبەستی دیاریکردن و دابینکردنی میکانیزمی ڤاکسینی نەخۆشییەکانی ئاژەڵ بە ڕێگەی سیستەمی (ppp).
لە کۆتایدا چەندین بابەت و داواکاری و پێشنیار و پرۆژەی پەیوەست بە وەزارەت لە لایەن ئامادەبووان گفتوگۆیان لەبارەیەوە کراو پەسند کران.