بێگەرد تاڵەبانی پێشوازیی لە شاندێکی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ٢٠٢١/١١/٩ بێگەرد تاڵەبانی، بە ئامادەبوونی ڕاوێژکارانی وەزارەت پێشوازیی کرد لە دکتۆر مەهدی سەفەری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کاروباری دیبلۆماسی و بازرگانی و ئابووری و نەسڕوڵلا ڕەشنوودی کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر.
لەم دیدارەدا جەخت کرایەوە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بە تایبەتی دەربارەی فراوانکردنی جموجۆڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری و پیشەسازی کشتوکاڵی و کارئاسانی بۆ ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری و پیشەسازی خۆراک و بەشداریکردنی ئەزموونی کۆمپانیاکانی وڵاتی ئێران لە دروستکردن و بونیادنانی پڕۆژەکانی ئاودێری و بەنداوەکان و کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و شیرەمەنی، هەروەها لە بەشێکی تری دیدارەکەدا باسی کاریگەریەکانی دیاردەی وشکەساڵی و ئەرکی دەستووری و هاوسێیەتی نێوان هەرێم و ئێران کرا لە پێناو پارێزگاری و دابینکردنی ئاوی هەرێمی کوردستان و عێراق کە بەهۆیەوە زیانی گەورە بەر پڕۆژەکان و خاوەن کارو جوتیاران و ژینگە و ئاوی خواردنەوە کەوتووە .
ئەمانە و پێشهات و گۆڕانکاریەکانی کەش و هەوا و
ژینگەی ناوچەکە و بەردەوامیدان بە پەیوەندیەکان تەوەری دیدار و گفتوگۆی ئەمڕۆ بوو لەگەڵ شاندەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران .