بەسەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی ئەنجومەنی راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ کۆبووەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی دوو شەمە ، 2021/11/15 بەسەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی و بەئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی راوێژکاری، کۆبونەوەی ئەنجومەنی راوێژکاری وەزارەت ئەنجامدرا.
لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا راپۆرتی شاندی باڵای وەزارەت پێشکەشکرا، کە لەماوەی رابردوو سەردانی وڵاتی هۆڵەندایان کردبوو، بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی جوڵەی بازرگانی و پیشەسازی کشتوکاڵی و گواستنەوەی ئەزموونی پێشکەوتووی وڵاتی هۆڵەندا.
لەم کۆبونەوەیەدا بەوردی گفتوگۆ کرا ، بە مەبەستی تاوتوێکردن و خستنەڕوی سەرجەم ئەو بابەتە گرنگانەی کە لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی راوێژکاریەوە خرابوونە بەرنامەی کۆبونەوەکە ، بەتایبەتی هەوڵەکانی وەزارەت لەپێناو پەرەپێدانی پیشەسازی کشتوکاڵی و پرۆژەکانی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و پەلەوەری و هەموارکردنەوەی یاسا و رێنمایەکانی وەزارەت و هەماهەنگی و پێشهاتەکانی نێوان وەزارەت و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، بەتایبەتی هەنگاوەکانی بەبازاڕکردن و کرانەوەی بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەڕووی بەرهەمە خۆماڵییەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ئاسنکاری بۆ ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری لەڕێگەی کۆمپانیای تەجهیزاتی عێراقی، دوابەدوای ئەنجامدانی لێک تێگەیشتن نامەی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەت.
لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا، بریاردرا به چارەسەرکردن و بەدواداچوونی سەرجەم ئەو کێشە و گرفتە هاوبەشانەی نێوان وەزارەت و لایەنە پەیوەندی دارەکانی تر، کە بووەتە هۆی زیادکردنی رۆتین و دواخستنی پرۆژەکانی جوتیاران و خاوەن کار و پرۆژەکان .
لە کۆتایدا چەندین راسپاردە و بڕیاری گرنگ لەلایەن ئامادەبووان پەسندکران و سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی راوێژکاری و فەرمانگە تایبەتمەندەکانی وەزارەت راسپێردران بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی راسپاردە و بریاڕەکانی کۆبونەوەکە.