حکومەتی ئەڵمانی پشتیوانی لە کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێری هەرێمی کوردستان دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی دووشەمە ،2021/11/8 بێگەرد تاڵەبانی، بە ئامادەبوونی راوێژکارانی وەزارەت پێشوازی کرد لە کلێمنس سێمتنەر، کۆنسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کرا دەربارەی چەندین پرس و بابەتی پەیوەست بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەتایبەتی خستەڕووی کاروچالاکی و پلانەکانی وەزارەت، دەربارەی دروستکردنی بەنداوە گرنگ ستراتیژیەکان و پرۆژەکانی ئاودێری بە ڕێگەی کەرتی گشتی و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی کۆمپانیاکانی بواری بەرهەمهێنانی سامانی ئاو و بەڕێوەبردنی ئاسایشی ئاو بە سیستەمی (ppp) ، وە پەرەپێدانی پەیوەندیەکان بۆ پاڵپشتی جوتیاران و خاوەن کار و پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی پیشەسازی کشتوکاڵی و سەرمایەگوزاری و ساغکردنەوە و پارێزگاری لە بەرهەمی خۆماڵی جوتیاران.
بۆ هەمان مەبەست بێگەرد تاڵەبانی داوای کرد کۆنسوڵی گشتی ئەڵمانیا هاوتەریبی پلان و بەرنامەکانی وەزارەت لە کابینەی نۆیەمدا هەماهەنگی و پاڵپشتی زیاتری سێکتەری کشتوکاڵ و پیشەسازی کشتوکاڵی بکەن ، بە دابین کردنی بنەتۆ و تەرزەکانی تری کشتوکاڵی ئەڵمانی ، وە پێشخستنی سەنتەرەکانی توێژینەوە و شیاندن و راهێنانی جوتیاران و فەرمانبەران و ئاشنابوون بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی وەبەرهێنان و سەلامەتی خۆراک و چەندین پرسی تر لە نێوان هەردوو لادا بەووردی باسکران و بڕیاردرا کە هەماهەنگیەکان بەردەوام بن.