شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ، سەردانی چەندین پڕۆژەی کشتوکاڵییان لە وڵاتی هۆڵەندا کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە چوارچێوەی سەردانی شاندی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ وڵاتی هۆڵەندا لە بەرواری 25/10 بۆ 29/10 سەردانی سەنتەری کشتوکاڵی جیهانییان کرد(WHC) کە پێکهاتووە لە سەنتەری دیراسات و توێژینەوەی کشتوکاڵی و سکوڵی خوێندنی کشتوکاڵی و سەنتەری کۆمپانیاکانی تصمیم و دامەزراندنی خانووی پلاستیکی و پڕۆژەی کشتوکاڵی.
هەر لەمیانی ئەم سەردانەدا چەندین پڕۆژەی گرنگی کشتوکاڵی و خانووی شووشە و سەنتەری فرۆشتن و کۆکردنەوە و بۆرسەی نرخ دانان و فرۆشتنی گوڵ و چەندین کۆبوونەوەی گرنگ ئەنجام درا لەلایەن شاندەکە بۆ مەبەستی سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆجیاو و ستراتیجی کشتوکاڵ کردن، هەروەها سوود وەرگرتن لە بنەتۆی سەوزە و سیاسەتی بە بازاڕکردن لە بواری کشتوکاڵ و پیشەسازی کشتوکاڵی و خۆراکی کشتوکاڵی، هەروەها هەنگاونان بۆ وەبەرهێنان لە بواری کشتوکاڵ و دامەزراندنی پڕۆژەی کشتوکاڵی و بەهێزکردنی توانا زانستییەکان و کارکردن بە هاوبەشیی بۆ دۆزینەوەی بازاڕ و سوود وەرگرتن لە ئاو و هەوا و زەوی بە پیت و دەستی کار و سەرچاوەی ئاوی هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی گرنگی بەرهەمهێنەری کشتوکاڵی.
هەر لەمیانی ئەم سەردان و بەسەرکردنەوانەدا هەنگاوی گرنگ نراوە لەلایەن شاندی وەزارەت بۆ ئەوەی لە داهاتوو کاری هاوبەش لەگەڵ سەنتەرەکانی کشتوکاڵیی هۆڵەندی و کۆمپانیاکانی هۆڵەندا ئەنجام بدرێ.
جێگای ئاماژەیە حکومەتی هۆڵەندی لە ماوەی ڕابردوو لە ڕێگەی لیژنەیەکی ڕاوێژکاریەوە بە هاوبەشیی تیمێکی تایبەتی هونەری وەزارەت پڕۆژە گرنگ و ستراتیژیەکانی هەرێمی کوردستانیان بەسەرکردەوە و خزمەتێکی بەرچاویان پێشکەشی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوکانی ئاوی هەرێمی کوردستان کردووە ، حکومەتی هۆڵەندی بە شێوەیەکی زۆر سەرکەوتووانە پاڵپشتی و بەشداری لە ئاڵوگۆڕی و جوڵەی بازرگانی و پیشەسازی کشتوکاڵی و سەرمایەگوزاری کردووە لەگەڵ جوتیاران و خاوەن کار و پڕۆژە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان.