Skip to the content

پڕۆژەیەک بۆ پاراستن و دووبارە چاندنەوەى ئەو جۆرانەى بەڕوو پەسەندکران کە هەڕەشەى لەناوچوونیان لەسەرە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی 9ى 11 ى 2021، لە هۆڵى کۆبوونەوەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە سەرپەرشتی حوسێن حەمە کەریم بەڕێوەبەرى گشتیی باخدارى و دارستان و پاوان، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەڕێوەبەرانی دارستان و پاوانى پارێزگاکان بەڕێوەچوو، کە تێیدا کاروبارەکانی دارستان و پاوان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.
لەو کۆبوونەوەیەدا گرنگیدان بە ڕاپۆرتی کار وچالاکییەکان و بەرزکردنەوەیان بۆ وەزارەت پاڵپشت بە داتا و ئامارەکان بە پێویست زانرا، هەروەها لەبارەی ئەو کرێکارانەى کە لەلایەن وەزارەته‌وه‌ بۆ کارکردن لە پڕۆژە و نەمامگەکانی دارستان بەکرێ گیراون لەگەڵ ئەو کرێکارانەى کە ڕێکخراوی GIZى ئەڵمانی دابینی کردوون، جەخت لەوە کرایەوە کە کار بکرێت تا باشترین سوودیان لێ وەربگیرێت لەپێناو بەرەو پێشبردنی پڕۆژەکانی دارستان و زیادکردنی بەرهەمى نەمام لە نەمامگەکاندا.
هەر لەو بارەیەوە پێویستیی بەدواداچوون بۆ کاروباری ئەو پڕۆژانە بە گرنگ لە قەڵەم درا تا زامنی ئەوە بکرێت کە سوودی تەواو لەو توانا مرۆیی و ماددییە وەربگیرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەوە دووپاتکرایەوە کە پێویستە گرنگیی بە توند و تۆڵکردنی پەیوەندییەکان بدرێت لەگەڵ پۆلیسی دارستان و ژینگەى پارێزگاکان، بەو پێیەى لە ماوەى ڕابردوودا بە ئامادەبوونی خاتوو بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەى هەرێم ساز کرا وەک لایەنی جێبەجێکار لە پاراستنی دارستانەکان، لەو بارەیەوە داوامانکرد کۆبوونەوە لەگەڵ پۆلیسی دارستان و ژینگەى پارێزگاکان ئەنجام بدرێت بە مەبەستی هەماهەنگی و کارکردن بۆ پاراستنی دارستانەکان لەهەر سەرپێچییەک، لەگەڵ دانانی پاسەوان لەهەر نەمامگە و پڕۆژەیەکدا.
لەبارەى دیاریکردنی لیژنەى پشکنینی پڕۆژەکانەوە ئەوە دووپاتکرایەوە کە پێویستە کەسانی دڵسۆز و لێوەشاوە بکرێنە ئەندامی لیژنەکان و هەوڵەکانیان بە ئاراستەیەک بێت کە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان نەبێتە هۆى زیانگەیاندن بە دارستانەکان و ژینگەی ناوچەکە.
لە بەشى دووەمی کۆبوونەوەکەدا، سیمینارێک لەلایەن ڕێکخراوی دامەزراوەى ڕووەکی کوردستان سازکرا کە تێیدا وردەکاریى پڕۆژەیەکیان پێشکەشکرد بۆ چاندن و پارێزگاریکردنی جۆرە جیاوازەکانی بەڕوو لەهەرێمی کوردستان بە تایبەت ئەو جۆرانەی هەڕەشەى لەناوچوونیان لەسەرە لەسروشتدا. 
پڕۆژەکەى دامەزراوەى ڕووەکی کوردستان لەلایەن ناشناڵ جیۆگرافیک پشتیوانیی ماددی دەکرێت و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی باخداری و دارستان و پاوان لەسەر ڕاسپاردە و ڕەزامەندی جەنابی وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو
  دواى ڕوونکردنەوەى تەواوی پڕۆژەکە و پێشکەشکردنی سەرنج و تێبینیەکان، پڕۆژەکەی پەسەندکرد و پشتیوانی خۆیان بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە دەربڕی لەڕێى بەردەستکردنی ڕووبەرێکی دیاریکراوی نەمامگەکانی دارستان بۆ بەرهەمهێنانی نەمامی بەڕوو، هاوکات دیاریکردنی چەند شوێنێک لە پارێزگاکان کە چاندنی بەڕوو تێیدا سەرکەوتوو دەبێت.