کارگەیەک ڕۆژانە (400) تۆن گۆشت و خواردەمەنی دەخاتە بازاڕەکان
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بێگەرد تاڵەبانی، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی زەوی و زار، پێشوازی کرد لە خورشيد عبداللطيف مزوری، خاوەن و بەڕێوەبەری جێبەجێکارى گروپی کۆمپانیاکانی تانج و ستافێکی یاوەری.
یەکێک لە لقەکانی گروپی کۆمپانیاکە (تانج دۆنەر)ە، کە لە بواری بازرگانی و بەروبوومی ئاژەڵی زیندو و پەلەوەر، پرۆژە و کێلگەی تایبەت بە خۆی هەیە و بە کواڵێتی بەرز و پێشکەوتوو کار لەسەر بەخێوکردنی ئاژەڵ و پەلەوەر و ماسی دەکەن، لەسەر ڕووبەری 100 دۆنم زەوی .
گروپی کۆمپانیاکانی ناوبراو رۆڵێکی گرنگی هەیە لە دابینکردنی پێویستییەکانی بازاڕەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان جگە لە دابینکردنی بەرهەمەکانی ماست و شیر و ماسی، ڕۆژانە لەتوانایدا هەیە بڕی (400) تۆن لە کارگەیەکی بەرهەم هێنانی سەردەمیدا ،گۆشت و خواردەمەنی بخاتە بازاڕەکانی هەرێم و ناوەڕاست و خوارووی عێراق .
لە پێناو بەرهەم هێنان و ساغکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی خاوەن پرۆژەکان و پاڵپشتی جوتیاران و پەرەپێدانی سەرمایەگوزاری لە پیشەسازی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەردەوامە لە بەرفراوان کردنی هەنگاوەکان و گرنگیدانی زیاتر بە سەلامەتی و ئاسایشی خۆراکی هاووڵاتیان ، بە ئاراستەی خود بژێوی و بەهێزکردنی سێکتەری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری وەک بنەمایەکی بەهێزی ئابووری هەرێمی کوردستان .