یەکەمین پڕۆژەی چاندنی هایدرۆپۆنیکی لە هەولێر بەسەرکرایەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی سێشەممە ٢٠٢١/١١/٣٠ حسێن حەمەکەریم، بەڕێوەبەری گشتی باخداری و دارستان و پاوان و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەران و فەرمانبەرانی وەزارەت، سەردانی پرۆژەی کشتوکاڵی (فوودستی) هایدرۆپۆنیکی (چاندن لە ناو ئاو)یان لە پارێزگای هەولێر کرد.
ئەم پرۆژەیە یەکەمین پرۆژەیە لەپارێزگای هەولێر کە بەشێوەی ماڵتی سپان و چاندنی هایدرۆپۆنیکی کار لەسەر بەرهەمەکانی تەماتە و کاهو و شلک دەکات، پرۆژەکە لە سەر رووبەری ٢٤ هەزار مەتر چوارگۆشە دامەزراوە و بەهەماهەنگی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و کۆمپانیای ئیکۆ کونسوڵت، لەچوارچێوەی گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی لە عێراق کەلە لایەن وڵاتی هۆڵەندا جێ بەجێ دەکرێت، لە ماڵتی سپانەکاندا شێوازی چاندنی چەند قات بەکاردەهێنرێت، ئەمەش وادەکات رووبەری چاندن لە ماڵتی سپانەکاندا ببێتە دوو ئەوەندە، هەروەها لە ماوەیەکی نزیکدا لە ناو پرۆژەکە کارگەیەک دەکرێتەوە بۆ ئەوەی لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکان کاری لەقوتونان پاکێجین بۆ بەرهەمەکان بکرێت و ڕەوانەی بازاڕەکان بکرێت.
مەبەستی ئەم سەردانە خولێک بوو بۆ گەشەپێدانی تواناکانی فەرمانبەران و شارەزایانی کشتوکاڵی وەزارەت و ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیە کشتوکاڵیەکانی پارێزگاکان لە چوارچێوەی گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی لە عێراق، کە لە لایەن وڵاتی هۆڵەنداوە جێ بەجێ دەکرێت، ئەم خولە بەهاوکاری ئیکۆ کونسوڵت و سەرپەرشتیارانی پرۆژەی فوودستی رێکخرابوو، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە فەرمانبەران ئاشنای چۆنیەتی کارەکانی ئەم پرۆژەیە بن و بتوانن لە داهاتوودا بەشێوازی سەردەمیانە و مۆدێرن پەرە بەکەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان بدەن.
جێی باسە لە پرۆژەکەدا دەستی کار بۆ دەیان کرێکار و دەرچوی کشتوکاڵی ڕەخساوە کە ئەمەش یەکێکە لە کارنامەکانی وەزارەت بۆ ئەوەی هەلی کار بۆ دەرچوانی پەیمانگاو کۆلێژە کشتوکاڵیەکان بڕەخسێت.