بێگەرد تاڵەبانی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا پێشوازی لێکرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە شاری ئەنقەرە، لەمیانی بەشداری لە پێشانگای ساڵانە و بەسەرکردنەوەکانیدا، بۆ یەکەمین جار وەکو شاندێکی فەرمی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم پێشوازی لە بێگەرد تاڵەبانی و شاندێکی یاوەری کرا ، لەلایەن فاتح مەتین، بریکاری وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا و فەرهاد چۆلاک، بەڕێوەبەری گشتی دارستانی تورکیا.
لەم دیدارەدا باس لەپەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی نێوان هەردوولا کرا، بەتێرو تەسەلی گفتوگۆ لەبارەی بەرەو پێشچوونەکانی سێکتەری کشتوکاڵ و ئاو و دارستان و ئاژەڵداری لە هەرێمی کوردستان کرا.
لەلایەن خۆیانەوە وەزارەتی کشتوکاڵی تورکیا خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئەو سەردانەی شاندەکەی هەرێم دەربڕی و بەڵێنی هەماهەنگی و پشتیوانی خۆیان نیشاندا، لە بواری هونەری و پەرەپێدانی پیشەسازی کشتوکاڵی و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و کردنەوەی خول و راهێنانی بەردەوام بۆ جوتیاران و خاوەن پرۆژەکان و فەرمانبەران بۆ ئاشنابوون بە بوارە پێشکەوتووەکانی بەرهەم هێنانی وڵاتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان.
وا بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیک شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هاندانی کۆمپانیاکان بە مەبەستی ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری و کاری هاوبەش لە نێوان هەردوولادا.