Skip to the content

لێژنەیەک بۆ چارەسەری کێشەی زەوی و زاری کریستیانەکان پێکهێندرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-  رۆژی سێشەممە 2021.11.30 کریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو  بەشداری کرد لە کۆبونەوەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەی زەوی و زاری کریستیانەکان .
لەو دیدارەدا کە هەریەک لە وەزیری ناوخۆ، وەزیرى شارەوانى و گەشت وگوزار ،وەزیرى داد، پارێزگارى هەولێر، وەزیرى گواستنەوە و گەیاندن، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون لە ئەنجومەنی وەزیران، جێگرى پارێزگارى هەولێر و سەرپەرشتیاری ئیداری سۆران، بەڕێوەبەری ناحیەی عەنکاوە ئامادەیبوون، بەوردی گفتوگۆ کرا سەبارەت بە کێشەی زەوی و زاری پێکهاتەی کریستیان لە هەرێمی کوردستان. 
لەم کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا کە لێژنەیەک پێکبهێنرێ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، وەزارەتی شارەوانی ، وەزارەتی داد ، فەرمانگەی بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران بە هەماهەنگی لەگەڵ قەزای عەنکاوە لە ڕێگای پارێزگاری هەولێرەوە، بۆ ئەوەی لیژنەکە جارێکی دیکە ئەو سکاڵایانە بە شێوەیەکی باشتر پۆلێن بکاتەوە.
لەم کۆبونەوەیەدا جەختکرایەوە لەسەر جێبەجێکردنی یاسای ژمارەی پێنجی ساڵی 2015 بەتایبەتی ماددەی سێ لە بڕگەی چوار و پێنج ، کە ئەو ماددەیە جەخت لەوە دەکاتەوە، یەکەم، زێدەڕۆیی سەر زەوی پێکهاتەکان لاببرێت و دووەم، ناکرێت لەمەودوا مافی بەکارهێنان بدرێت بە خەڵکێک کە لە خودی پێکهاتەکە نەبێت''.