یەکەمین کۆنفرانس و پێشانگای کشتوکاڵ و بەروبوومی ئاژەڵی لە نێوان وەزارەتەکانی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەچوو
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی چوارشەممە ٢٠٢١/١١/٣ بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو یەکەمین کۆنفرانس و پێشانگای کشتوکاڵ و بەروبوومی ئاژەڵی لە شاری هەولێر کرایەوە، پێشانگاکە لە لایەن کۆمپانیای مجد الاعمال سەرپەرشتی دەکرێت و ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەێنێت.
بۆ یەکەمین جارە بەیەکەوە ژمارەیەکی بەرچاوی خاوەن پرۆژە و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی عێراقی و کوردستانی بەشداری دەکەن.
ئەم پێشانگایە کە زیاتر لە پەنجا کۆمپانیا و خاوەن پرۆژە بەشداریان کردووە ،ڕاستەوخۆ لەلایەن هەردوو وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم و وەزیری کشتوکاڵی عێراقی فیدراڵ سەرپەرشتی دەکرێت و بەڕێوەدەچێت ، بۆ مەبەستی ئاشنا بوونی کۆمپانیاکان و چارەسەرکردنی کێشەکان و یەکخستنی بازاڕ و هەماهەنگی زیاتر لە جولەی بازرگانی و پیشەسازی کشتوکاڵی و هەماهەنگی بۆ برەودان بە پێشکەوتنی زیاتری بەرهەمە کشتوکاڵیەکان و بەروبوومە ئاژەڵیەکان و ئاڵۆگۆڕێ بەرهەمەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ئەوەی جوتیارانی هەردوولا بتوانن بازاڕێکی باش بۆ بەرهەمەکانیان دابین بکەن و بەرهەمەکانیان ساغ بکەنەوە لە کاتی پێگەیشتنیان.
هەروەها چەندین کۆمپانیای سەماد و قڕکەر بەشداریان لە پێشانگاکەدا کردووە.