بێگەرد تاڵەبانی، بانگهێشتی کۆمپانیاکانی وڵاتی کەنەدا دەکات بۆ ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری لە هەرێمی کوردستان
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە 2021/10/28 بێگەرد تاڵەبانی ، پێشوازی کرد لە ئۆلرک شانون باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق، لەم دیدارەدا هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندیەکانی نێوانیان بە تایبەتی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتی کەنەدا لە پرۆسەی وەبەرهێنان و پێشخستنی پیشەسازی کشتوکاڵی و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی جوتیاران و گرنگیدان بە سەلامەتی و ئاسایشی خۆراک و ئاسایشی ئاو و دروستکردن و بونیادنانی پرۆژەکانی ئاودێری و بەنداوەکان و سوود وەرگرتن لە گلدانەوەی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق.
هەر لەدیدارەکەدا بێگەرد تاڵەبانی باسی لە کاریگەری و دەستپێشخەری و ڕۆڵی زانستی و ئەکادیمی وڵاتی کەنەدا کرد و داوای لێکردن کە پاڵپشتی لە پێشخستنی سەنتەرەکانی ڕاهێنان و توێژینەوەی وەزارەتەکەی بکەن بۆ ڕاهێنان و شیاندنی تواناکانی فەرمانبەران و جوتیاران و خاوەن پرۆژەکان.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە ڕێگەی ئاسانکاری و هەموارکردنەوەی یاسا و ڕێنماییەکانی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و کەمکردنەوەی ڕۆتین. وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بانگهێشتی کۆمپانیا و دامەزراوە بیانیەکان دەکات بۆ مەبەستی ئەنجامدانی سەرمایە گوزاری لەهەرێمی کوردستان.