Skip to the content

بێگەرد تاڵەبانی، لەگەڵ خاوەن پڕۆژە پەلەوەرییەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە کۆبۆوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە، 2021/10/19 لە دیوانی وەزارەت بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو،بە ئامادەبوونی ڕاوێژکارانی وەزارەت، لەگەڵ خاوەن پڕۆژە پەلەوەریەکانی بەرهەمهێنانی هێلکەی خواردن بە تایبەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر کۆبۆوە بۆ مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون و بەدواداچوون لە گرانبوونی نرخی هێلکە و گفتوگۆکردن لەگەڵ خاوەنی پڕۆژەکان.
 دوابەدوای خستنەڕووی کێشەکان و هەڵسەنگاندنی  داواکارییەکانی ئامادەبووان بڕیاردرا ،لە ڕێگەی لیژنەیەکی وەزارەتەوە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە لەگەڵ  پارێزگاری هەولێر کۆببنەوە بۆ مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان و دیاریکردنی میکانیزمێکی گونجاو کە ڕەچاوی بەرژەوەندی خاوەن پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکەی خواردن و بەرژەوەندی گشتیی هاووڵاتیان بکرێ بە کواڵێتیەکی باش و بە نرخێکی هاوسەنگ لە بازاڕدا.
جێی وەبیرهێنانەوەیە لەماوەی ڕابردوودا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پاڵپشتی خۆی بۆ خاوەن پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی پەلەوەری دووپاتکردۆتەوە لە ڕێگەی دەرکردنی بڕیاری لێخۆشبوونی گومرگی بۆ هاوردەکردنی صۆیا و پڕۆتین و ئامێرەکان و کەمکردنەوەی کرێی کارەبا و لابردنی ڕۆتین لە مامەڵەکان بە ئامانجی کەمکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و کەلوپەل و پێداویستییەکان لە بازاڕەکانی جیهانیدا.