دووەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراک کرایەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوار شەممە 2021/10/20 لە سلێمانی بێگەرد تاڵەبانی بەشداربوو لە کردنەوەی دووەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراک، بە ئامادەبوونی تیمێکی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و سەر کونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران و سەرۆک و نوێنەرایەتی ژوورە بازرگانییەکان و ژمارەیەک بەرپرسی حکومی و ئیداری.
لەم پێشانگایەدا بە نوێنەرایەتی( 6) وڵات (60) کۆمپانیای بازرگانی و وەبەرهێنەری کشتوکاڵی و پیشەسازی خۆراک و ئاژەڵداری بیانی و ناوخۆیی بەشدارییان کردووە، وا بڕیارە تا ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بێت.
ئەم پێشانگایە لەلایەن کۆمپانیای (اطلس الاصیل)بە چاودێری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و بە هەماهەنگی ژووری بازرگانی سلێمانی ڕێکخراوە، لە پێناو زیاتر ئاشناکردنی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان و جوتیاران و خاوەن پڕۆژەکان و پەرەپێدانی جوڵەی بازرگانی و پیشەسازی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان.