لە ڕێگەی ئەو بەنداوانەی لە کوردستان دروست دەکرێن، زۆرترین بڕی ئاو گل دەدرێتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یەک شەمە ، 2021/10/17 لە دیوانی وەزارەت بێگەرد تاڵەبانی، بە ئامادەبوونی ستافێکی باڵاو پەیوەندیداری وەزارەت لەگەڵ خاوەنی کۆمپانیاکانی جێبەجێکاری دروستکردنی( 12 ) بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان کۆبۆوە ،
بۆ مەبەستی بەدواداچوون لە قۆناغەکانی پڕۆسەی بونیادنان و دروستکردنی بەنداوەکان و لە نزیکەوە گفتوگۆ کردن و گوێگرتن لە کێشە و داواکاری و سەرنجەکانی خاوەن کۆمپانیاکان، بۆ ئەوەی بتوانن لە نزیکترین ماوە ئەو بەنداوانە تەواو بکرێن ،لەسەر ڕۆشنایی بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ،کە ماوەیەکە دەستی پێکراوە و بەشێکی لە قۆناغەکانی تەواو بووندان بەڵام بەهۆی کێشەی دارایی و دواکەوتنی سولفەکانەوە وەکو پێویست نەتوانراوە بەردەوام بن .
لەم کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا بۆ ئەمساڵ باشتر ئامادەسازی بکرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری دیاردەی وشکەساڵی و گلدانەوەی زۆرترین ڕێژەی بڕی باران و دابارین لە سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی ئەم بەنداوانەوە.
هەر لەم کۆبوونەوەیە جەخت کرایەوە لەسەر خەرجکردنی بڕی ئەو( 13)سێزدە ملیار دینارەی کە لەڕێگەی ئەنجوومەنی وەزیران تەرخانکراوە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی هاوکاری و پاڵپشتی کۆمپانیاکان بکرێ و لە کارەکانیان بەردەوام بن.
لەکۆتاییدا هەر بۆ هەمان مەبەست بڕیاردرا سەرجەم داواکاری و کێشەکانی ئامادەبووان لە ڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە درافتێک پێشکەشی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی داواکاری و کێشەکانیان بکرێت.