وەزارەتی کشتوکاڵ لەگەڵ کۆمپانیا بەشداربووەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دووەمین پێشانگای نێودەڵەوتی کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراک کۆدەبێتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە دووەمین ڕۆژی بەڕێوەچوونی چاڵاکییەکانی پێشانگای نێودەوڵەتی کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراک لەپارێزگای سلێمانی ، ڕۆژی پێنجشەممە2021/10/21 لەسەر ڕاسپاردەی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ، رزگار حهمهد خدر ڕاوێژکاری وەزارەت سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد لە کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئامادەبوونی سەر کونسوڵی کۆماری ئیسلامی لەپارێزگای سلێمانی و جێگری بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی سلێمانی و بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری سلێمانی و ڕاوێژکاری کشتوکاڵی لە ژووری بازرگانی سلێمانی و کۆمپانیاکانی وڵاتی ئێران، کە بەشداریان کردبوو لە پێشانگاکە.
ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیە بریتی بوو لە، ڕوونکردنەوەی سیاسەتی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری وەبەرهێنان و دامەزراندنی پڕۆژەی کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵی و کارگەی پیشەسازی خۆراکی و کشتوکاڵی و ئاشناکردنی کۆمپانیاکان بە یاساو ڕێنماییەکانی وەزارەت و دەستەی وەبەرهێنان لە بواری سەرمایەگوزاری کشتوکاڵی .
لەم کۆبوونەوەیهدا بەهێزیی کەرتی کشتوکاڵ و ئامارەکان بۆ ئامادەبووان باسکران ، هەروەها ستراتیجی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە ڕووانگەی بە بازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆ و هەناردەکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان بۆ دەرەوەی هەرێم و ميکانیزمی دانانی باج و قەدەغەکردنی هاوردە لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆی جوتیاران و چاودێری کوالێتی بەرهەمی هاوردە و دامەزراندنی تاقیگەی پێشکەوتوو و کۆنترۆڵی ئافاتی کشتوکاڵی و نەخۆشیە ئاژەڵیەکان و ئەو پەیوەندی و سنوورە هاوبەشەی کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە بە وردی باسکرا و گفتوگۆی لە بارەیەوە کرا.