بێگەرد تاڵەبانی، لەگەڵ کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان کۆدەبێتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەمە 2021/9/6 بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری بە وەکالەت، لەگەڵ کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان کۆبۆوە بۆ مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە کێشە و گیرو گرفت و پێشنیارەکانیان و چۆنیەتی چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشانەی کە تایبەتن بە کەرتی پەلەوەر ، لەم کۆبوونەوەیەدا بە وردی گفتوگۆ کرا لەگەڵ خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان لەسەر هەموو ئەو بابەتانەی کە تایبەتن بە پیشەسازی پەلەوەر.
هەر لەم کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا بە دیراسەکردنی هەموو پێشنیار و داواکاریەکان و ئاراستەکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان ،وە هەندێک لەم بابەتانە لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای پیشەسازی پەلەوەر باس دەکرێت بە مەبەستی چارەسەکردنیان .
سەبارەت بە ڕێگەپێدان و هەناردەکردنی بەرهەمی مریشکی خۆماڵی بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بڕیاردرا ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێ ،هەروەها بێگەرد تاڵەبانی ڕایگەیاند پاڵپشتی هەموو هەنگاوێک دەکەین بۆ دابەزاندنی نرخی ئالیک کە بەشێکی سەرەکی تێچووی بەرهەمهێنانی پڕۆژەکانە ،هەر وەکو لەماوەی رابردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بڕیاری لابردنی باج و گومرگی دا لەسەر هاوردەکردنی سۆیا و پڕۆتین و کەمکردنەوەی کرێی کارەبا لەسەر کێڵگە پەلەوەرییەکان .
لەکۆتاییدا فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەت راسپێردران کە هەموو جۆرە هاوکاری و پاڵپشتییەکی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن وەکو کار ئاسانی لە پڕۆژەکانیان.