بڕی شازدە ملیار دینار بۆ تەواوکردن و دروستکردنی بەنداوەکانی (زەلان ،چەق چەق ، گۆمەسپان )دابینکرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- دوای ئهوهی وهزارهتی كشتوكاڵ و سهرچاوهكانی ئاو داوای تەرخانکردنی بودجەیەکی کرد بە بڕی 126,751,449,563 سەد و بیست و شەش ملیار و حەوت سەد و پەنجا و یەک ملیۆن و چوار سەد و چل و نۆ هەزار و پێنج سەد و شەست و سێ دینار ، لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە ڕەزامەندی لەسەر دراوە، لە قۆناغی یەکەمدا بەشێکی پارەی خەمڵێنراوی پێویست لە پێناو بەردەوامیدان بەو پڕۆژانە و دەستکردنەوە بە هەنگاوەکانی بونیادنانی بەنداوەکان بەپێی پێشینەی پڕۆژەکانی ئاماژە پێکراو و خشتەی بەرەو پێشچوونی کارەکان دابینكرا .
لە پارێزگای هەولێریش بڕی بودجەی پێشنیارکراو لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ڕەزامەندی دراوە بۆ جێبهجێكردنی پڕۆژهی بهنداوی ( بهستۆڕه ) دوابەدوای ئامادهكردنی دهرخسته و دیزاینی پڕۆژهكه لهسهر بودجهی وهبهرهێنانی وهزارهتی كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاو.
دروستکردن و تەواوکردنی ئەم بەنداوانە هاوتەریبە لەگەڵ پڕۆسەی هەڵسەنگاندنی داخوازی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان و بونیادنانی بەنداوەکان، پڕۆژەکانی ئاودێری بەتایبەتی بۆ ( 9 )بەنداوە ستراتیژیەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی سیستمی (ppp) کە بۆ یەکەم جار لەڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو سەرپەرشتی دەکرێت .
ئەم هەنگاوە کرداریە گرنگانەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت لەچوارچێوەی پلانی داڕێژراوی رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی وشکەساڵی و گلدانەوەی ئاو و سوود وەرگرتن لە کەناڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە ئامانجی گرینگیدان و گەشەپێدانی زیاتری کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێری و پارێزگاری لە ئاسایشی ئاو لە هەرێمی کوردستان .