وڵاتی بەلجیکا، پاڵپشتیی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە 2021/9/6 بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە ئامادەبوونی ستافێکی وەزارەت پێشوازیی کرد لە شاندێکی باڵای ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئەنتوێرب ،هەرێمی فلاندەرز /بەلجیکا و نوێنەری ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر .
لەم دیدارەدا لەگەڵ شاندەکەی وڵاتی بەلجیکا پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی نێوان هەردوولا تاوتوێکراو بە وردی گفتوگۆ کرا دەربارەی پڕۆژەی( پلاتۆ)وەکو پڕۆژەیەکی پێشکەوتووی گرنگ و ستراتیژی کە ماوەی دوو ساڵ دەخایەنێت ، بەهەماهەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی بەلجیکی پاڵپشتیی دەکرێت بە مەبەستی هاوکاری و هاندانی خاوەن کارو پڕۆژە و بیرۆکەکان و ڕاهێنان و پەرەپێدان و بازاڕسازی و پێشکەشکردنی ڕاوێژکاری ،لەلای خۆیەوە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پشتیوانی و پاڵپشتیی وەزارەتی بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە دەربڕی بەپێی تایبەتمەندی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ، بەتایبەتی بۆ تەوەرە گرنگەکانی ئەم دیدارە کە بریتی بوون لە :-
گرنگیدان بە ژینگە و ژینگە پارێزی و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی پاشماوەکانی زبڵ و خاشاک و دووبارە بونیادنانەوەی ، پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ئۆرگانی پیشەسازی کشتوکاڵی و ڕاهێنانی فەرمانبەران و ئاشناکردنیان بە چۆنیەتی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی بە ڕێگەی پێشکەوتووی ئۆرگانی، هەروەها پەرەپێدانی تواناکانی ژنانی خاوەن کارو پڕۆژە و ڕەخساندنی دەرفەتی کار و هاوکاری و پاڵپشتی کردنیان و هاندانیان هاوشانی پیاوان.
لەکۆتاییدا لەم دیدارەدا جەخت کرایەوە لەسەر بەردەوامیدان بەو دیدار و کۆبوونەوانە و دروستکردنی تیمێکی هاوبەش و کارکردن و بانگهێشتکردنی کۆمپانیاکانی وڵاتی بەلجیکا بە مەبەستی سوود وەرگرتن لە ئەزموون و ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری لە هەرێمی کوردستان .