وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، کار دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرپێچی و زیادەڕۆییەکانی سەر پڕۆژەکانی دارستان و باخداری و نەمامگەکانی هەرێمی کوردستان
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یەکشەممە ٢٠٢١/٩/١٢ بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبونی ب.گشتی باخداری و دارستان و پاوان و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی وەزارەت، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێم کۆبۆوە.
ئامانجی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان و هەماهەنگی لە کارە هاوبەشەکانی نێوان بەڕێوەبەرایەتییەکانی ب.گشتی باخداری و دارستان و پاوان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان.
دوابەدوای گفتوگۆ و خستنەڕووی سەرجەم کێشە و بەربەستەکان و پێشنیار و چارەسەریەکان ، جەخت کرایەوە لە سەر کارکردنی بەردەوام لە ژێر ڕۆشنایی یاساو ڕێنماییە کارپێکراوەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرپێچی و زیادەڕۆییەکانی سەر پڕۆژەکانی دارستان و باخداری و نەمامگەکانی هەرێمی کوردستان.
لەلایەن خۆیەوە بێگەرد تاڵەبانی، سوپاسی ماندووبوونی کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستانی کرد، لەپای دڵسۆزی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان لە پێناو پاراستنی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان.
لەکۆتاییدا بڕیاردرا کۆبوونەوە و هەماهەنگییەکان لە نێوان وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێم بەردەوام بێت و پێکەوە بڕیار لەسەر چارەسەرکردنی هەر کێشە و پێشهاتێکی تایبەتمەندی نێوانیان بدرێت.