Skip to the content

ڕاوێژكاری وه‌زاره‌ت له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (دی سکوێری) لوبنانی كۆبۆوه‌

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێ شەممە 2021/9/21 لەسەر ڕاسپاردەی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجامدرا لەگەڵ کۆمپانیای (دی سکوێری) لوبنانی بۆ ڕاوێژ و دامەزراندنی پڕۆژەیەکی گوندی هاوچەرخی کشتوکاڵی بەردەوام.
ئەم کۆبوونەوەیە دوابەدوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی یەکەم دێت بەسەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی، کە لەم کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا بوو بە ڕاوێژ لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و کۆمپانیای ناوبراو بە مەبەستی گەشەکردنی کەرتی کشتوکاڵ و دابینکردنی هەلی کار و پیشەسازیی کشتوکاڵی ئەم کۆبوونەوەیە ئەنجام بدرێ.
ئەم کۆبوونەوەیە بە ئامادەبوونی ڕاوێژکارانی وەزارەت و ب.گشتی پلاندانان و ب. گشتی زەوی و زار و ب.گشتی توێژینەوە و ڕێنمایی کشتوکاڵی و ب.گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی پەیوەندیداری وەزارەت بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کرد.
دوای ئەوەی کە لە لایەن شارەزاکانی کۆمپانیای ناوبراو جۆری پڕۆژەکە و گرنگی پڕۆژەکە خرایه ڕوو بۆ هەرێمی کوردستان وەکو پڕۆژەیەکی موتەکاملی وەبەرهێنان کە دەکرێت سوود لە پڕۆژەکە وەربگیرێت بۆ بەرهەمهێنانی هەمە چەشنەی کشتوکاڵی و ئاژەڵی ٫هەروەها بە پیشەسازیکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی و سوود وەرگرتن لە پاشماوەی بەرهەمه کشتوکاڵییەکان و بە ئۆرگانیکردنی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان.
 ئەم پڕۆژەیە دوابەدوای گفتوگۆی ئامادەبووان دیراسەکردن و خستنەڕووی سەرنج و پێشنیارەکان ، لەکۆتاییدا بڕیاردرا کە تیمی کۆمپانیای ناوبراو پرۆپۆزەلێک ئامادە بکەن و پێشکەشی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی بکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا له ڕێگەی کەرتی تایبەت و بەهاوبەشی بەو سیستەمە نوێیەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت بەپێی سیستمی( پی پی پی) بەڕێوەی ببات بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵی وەکو فاکتەرێکی بەهێزی ئابووری و پیشەسازی له هەرێمی کوردستان .