کارگەی ئاردی خۆشناو کرایەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە چوارچێوەی پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران، ڕۆژی دووشەممە 2021/9/27 لە هەولێر بە بەشداری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و د.دارا رەشید وەزیری پلاندان و وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەوەکالەت و ژمارەیەک وەزیر و بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک کەسایەتی و جوتیارانی دەڤەرەکە، لە مەڕاسیمێکدا کارگەی ئاردی خۆشناو کرایەوە.
ئەم پڕۆژەیە 13 کارگە و سایلۆ لەخۆ دەگرێت و ڕۆژانە توانای بەرهەمهێنانی هەزار تەن ئارد و بەرهەمەکانی دانەوێڵەی هەیە، جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە دەرفەتی کار بۆ سەدان گەنج و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەڕهخسێنێ و پاڵپشتییەکی ڕاستەوخۆی ساغکردنەوە و بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیارانە و هەنگاوێکی گرنگە بۆ دابینکردن و زامنکردنی ئاسایشی خۆراک و پارێزگاری لە تەندروستی و سەلامەتی هاووڵاتیان و دابینکردنی پێویستی هاووڵاتیان بە ئاراستەی بەهێزکردن و بووژانەوەی ئابووری و پەرەپێدانی پیشەسازی کشتوکاڵی لە چوارچێوەی بەرنامە و کارنامەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.