کارگەی ئاردی قەیوان کرایەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یەکشەممە 2021/9/19 بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و ژمارەیەک وەزیر و کەسایەتی ئیداری، لە چوار چێوەی پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە سنووری پارێزگای سلێمانی، مەڕاسیمی کردنەوەی کارگەی ئاردی قەیوان بەڕێوەچوو.
ئەم کارگەیە توانای بەرهەمهێنانی (500) تەن ئاردی لە ڕۆژێکدا هەیە ،جگە لە بەرهەمی ئارد چەندین جۆری تری بەرهەمەکانی دانەوێڵە دەخاتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە کوالێتیەکی بەرز و نرخی گونجاو لە (13) کارگەی جۆراوجۆردا .
کردنەوەی ئەم کارگەیە هەزاران هەلی کار بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەڕەخسێنێت.
ئەم کارگەیە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژیەکانی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان لە بواری کەرتی کشتوکاڵیدا، کە لە ژێر چاودێریی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بەڕێوە دەچێت و دەبێتە هەنگاوێکی گرنگی پارێزگاری و بەبازاڕ کردنی بەرهەمی خۆماڵی جوتیارانی هەرێمی کوردستان.