ئەنجومەنی راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ چەند بڕیارێکی بۆ روبەڕوبوونەوەی وشکەساڵی دەرکرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەمە ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٢، بەسەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و بە ئامادبوونی بریکار و راوێژکاران و سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارە،ت کۆبونەوەی فراوانی ئەنجومەنی راوێژکاری وەزارەت بەڕێوەچوو .
کۆبونەوەکە تایبەت بوو بە باسکردن لە سەر ئامادەکارییەکانی روبەڕوبوونەوەی وشکەساڵی و چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بەم بابەتە.
لە کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێکی تایبەت بە داهاتی ئاو و وشکەساڵی و زیانەکانی، لە لایەن بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاو و بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و کۆگاکانی ئاوی هەرێمەوە خوێندرایەوە و تاوتوێی لێکەوتەو پێشهاتەکانی وشکەساڵی لە هەرێمی کوردستان کرا.
دوای گفتوگۆو ئاڵوگۆڕکردنی ڕاو سەرنجەکان بڕیار لە سەر ئەم خاڵانەی خوارەوە درا:-
١-بڕیاردرا ژوورێکی عەمەلیاتی لە ناکاو پێکبهێنرێت بۆ دیراسەکردنی گیروگرفتەکانی وشکەساڵی و ئامادەکردنی پلانێکی تایبەت بۆ روبەڕووبوونەو و بەرەنگاربونەوەی وشکەساڵی و ئاراستەکردنی بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەمەبەستی دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ چارەسەرکردن و روبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و کەم کردنەوەی کاریگەری زیانەکانی لە سەر جوتیاران.
٢-بڕیاردرا بەزووترین کات پەیوەندی بکرێت بە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی لە پلانی روبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی هەماهەنگی بکرێت بۆ دروستکردنی پرۆژەکانی تایبەت بە ئاودێری و بەنداو لە هەرێمی کوردستان، و داوا لە وەزارەتی بازرگانی حکومەتی فیدراڵ بکرێت بەزووترین کات دەرگای سایلۆکان بەرووی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بکاتەوە بۆ وەرگرتنی گەنمی بەرهەم هاتووی ئەمساڵ.
٣- داوابکرێت لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابین کردنی بودجەیەکی فریاگوزاری بۆ روبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی بۆ دابینکردنی پێداویستی عەلەف بۆ ئاژەڵان و چاکردنی پرۆژەکانی ئاودێری و دروستکردنی پۆند بۆ گلدانەوەی ئاوی باران.
٤- بڕیار درا بەدابەزاندن و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ئیدارەی گەرمیان بە مەبەستی کارئاسانی کردن بۆ هێنانی عەلەف و ماددە عەلەفیەکانی تایبەت بەخۆراکی ئاژەڵی و پەلەوەری و ماسی، بۆ کەم کردنەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم هاوردەکردنی ماددە عەلەفییەکان و کەم کردنەوەی کاریگەری کەمی لەوەڕگاکان لەسەر خاوەن ئاژەڵەکان و خاوەن پرۆژەکانی سامانی ئاژەڵ و دابینکردنی بودجەیەکی تایبەت بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بۆ کۆنترۆڵی ئەو ئافات و نەخۆشیانەی کە بەهۆی وشکە ساڵییەوە بڵاودەبێتەوە.
٥-بڕیاردرا لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەکانی ئاو رەشنوسی تایبەت بە هەموارکردنەوەی رێنمای هەڵکەندنی بیر ئامادەبکرێت و لە وۆرکشۆپێکی تایبەتدا لە لایەن لێژنەی یاسایی بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکانی ئاودێری و ئاوی ژێرزەوی ئەنجام بدرێت بەمەبەستی هەموارکردنەوەی رێنمایی ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١٥ی تایبەت بە هەڵکەندنی بیر.
٦-بڕیاردرا لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوەوە بەدواداچون بکرێت بۆ پرۆژەکانی تایبەت بە بودجەی دابینکراو بۆ پرۆژەکانی ئاودێری و بەنداو پۆند و پرۆژە ستراتیژییەکانی کە پەیوەندی بە ئاودێرییەوە هەیە لە وەزارەتی پلاندانان بۆ ئەوەی کاری لەسەربکرێت بۆ کەمکردنەوەی گرفتەکانی وشکەساڵی.