بێگەرد تاڵەبانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی هۆڵەندا دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی یەکشەممە، 2022/4/10 وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازیکرد لە هانس ئاکریبووم، کۆنسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کرا دەربارەی هەماهەنگی و دواین بەرەو پێشچوونەکانی سێکتەری کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان، دوابەدوای ئەو لێکتێگەیشتنەی لە ماوەی ساڵی رابردوو لەگەڵ وڵاتی هۆڵەندا ئەنجامدرابوو لە ڕێگەی کۆنسولی گشتی لە هەولێر.
هەروەها تاوتوێ دەرئەنجامی پەیوەندی و کاری هاوبەشی نێوان گروپی راوێژکارانی هۆڵەندی و تیمی راوێژکاری و پەیوەندیداری وەزارەت کرا، لە چوارچێوی هەماهەنگی و دارشتنی پرۆگرامی گشتگیری بەرەو پێشبردنی سێکتەری کشتوکاڵ و بەرهەمی خۆماڵی و پاڵپشتی لە ئاشناکردنی جوتیاران لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی کشتوکاڵی و راهێنان و راوێژکاری، کە بریارە لە ماوەیەکی نزیکدا راپۆرتی کۆتایی و هەڵسەنگاندنی دواین دەرئەنجام و راسپاردەکانی گروپی راوێژکارانی هۆڵەندی پێشکەشی وەزارەت بکرێت، بۆ ئەوەی ببێتە بنەمای وەچەرخان و گرنگیدانی زیاتر بە پیشەسازی کشتوکاڵی و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و بە بازاڕکردنی بەرهەمی جوتیاران بەسوود وەرگرتن لە ئەزموونی پێشکەوتوی وڵاتی هۆلەندا.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا گفتوگۆکرا دەربارەی دووەم کۆنفڕانسی چاندن و خۆراك بە چاودێری و هەماهەنگی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و KDBC کۆمەڵەی بزنسمانی کوردی هۆڵەندی کرا، کە بڕیارە لە شاری "دینهاغ" لە نێوان کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و گەورە کۆمپانیاکانی و وڵاتی هۆڵەندا رێکبخرێت، لە پێناو بەرەوپێشبردنی سێکەتەری کشتوکاڵ و ئاودێری.