Skip to the content

بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی پەیامی ژینگەدۆستی ڕادەگەیەنێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە ڕێى پڕۆژەیەکی فۆتۆگرافییەوە، بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی پەیامی ژینگەدۆستی ئاراستەى هاووڵاتیان دەکات و هەمووان هۆشیار دەکاتەوە لەبارەى گرنگی دارستانەکان و سەوزایی و ڕایدەگەیەنێت تا ژینگەکەمان سەوزتر بێ و دارستانەکانمان پارێزراوتر بێت تەندروستیمان باشتر دەبێت.
بەوپێیەى لەگەڵ هاتنی وەرزی سەیران و گەشتدا، ڕێژەیەکى بەرچاوی هاووڵاتیان ڕوو لەناوچە گەشتیارى و دارستانەکان دەکەن بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و حەوانەوە لەژێر سێبەرى دره‌خته‌كاندا، بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی بە هاووڵاتیان ڕادەگەیەنێت کە دارستانەکانمان شوێنی حەوانەوە و گەشت و سەیرانی ئێوەن، دره‌خته‌كان کارگەی ئۆکسجینی پاک و سروشتی و خۆڕایین و ڕۆڵی سییەکان دەبینن بۆ شار و شارۆچکە و گوندەکانتان، بۆیە لە ئێوەی هاووڵاتیان چاوەڕوان دەکەین کە دار و دارستان بپارێزن و زیان بە نەمام و پڕۆژەکان نەگەیەنن و هێندەى دەتوانن خزمەتی بکەن و هاوکاربن لە ئاوه‌دانیدا، چونکە سەرباری ئەوەى دارستانەکان پەناگەى باڵندە و بوونەوەرە جۆراوجۆرەکانە زامنی تەندروستی باشیشە بۆ مرۆڤایەتی، چونکە تا ژینگەکەشمان سەوزتر بێ و دارستانەکانمان پارێزراوتر بێت تەندروستیمان باشتر دەبێت.