Skip to the content

هێڵەکانی ئاگربڕ لە دارستانەکانی سلێمانی نوێ ده‌كرێنه‌وه‌

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە مەبەستی پاراستنی دارستانەکان لە سووتان، بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی هەڵمەتی ئاگربڕى دەستپێکرد بۆ کەمکردنەوەى مەترسییەکانی ئاگرکەوتنەوە لەنێو دارستانەکاندا.
لەوبارەیەوە هاوکار جەلال بەڕێوەبەرى دارستان و پاوانی سلێمانی ڕایگەیاند کارى ئاگربڕ لە هۆبە و پڕۆژە دارستانییەکانی سنوورى بەڕێوەبەرایەتیمان بە دوو قۆناغ بەڕێوە دەچێت، یەکەمیان بەکارهێنانی قڕکەری گژوگیایە کە دەبێتە هۆى وشککردنی ئەو گیایەى لەناو هێڵەکانی ئاگربڕى نێو دارستانەکاندا هەیە و ڕێگرە لە پەڕینەوەى ئەو ئاگرەى کە هەندێ کات لە وەرزی هاویندا کە بەهەر هۆکارێک بێت ڕوودەدات.
هاوکار جەلال وتیشی ئەمساڵ ئاگربڕمان بەقڕکەری گژوگیا لە پڕۆژە دارستانیە دەستکردەکانی سنوورى بەڕێوەبەرایەتیمان ئەنجام دا و لەقۆناغی دووەمدا بە بەکارهێنانی ئامێری کشتوکاڵى بۆ کێڵانی زەوییەکە دواتریش بە پشت بەستن بە کرێکار و بە پاچ و خاکەناز دەست دەکەین بە نوێکردنەوەى هێڵەکانی ئاگربڕ.
بەڕێوەبەرى دارستان و پاوانی سلێمانی ئاماژەى بەوەش کرد کە هەڵمەتەکە پڕۆژەى دارستانی گۆیژەشی گرتۆتەوە کە پڕۆژەیەکی دیارە لەسلێمانی و دیمەنێکی دڵڕفێنی بەخشیوە بە شارەکە و بە هاوکارى ژمارەیەک کۆمپانیا لە چوارچێوەى پڕۆژەیەکدا کار بۆ سەوزکردنی شاخی گۆیژە دەکرێت.