بێگەرد تاڵەبانی، پێشوازیکرد لە وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری بازرگانی دەرەوە و هەماهەنگی گەشەپێدانی حکومەتی هۆڵەندا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ هەینی ٢٠٢٢/٤/٢٩ وەزیری کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو، لە ناحیەی ڕۆڤیا بە یاوەریی عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک، بریکار و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت و بەشار ئاغا خاوەنی کارگەی جوتیار، پێشوازیکرد لە (لیشیە شراينماخەر)وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری بازرگانی دەرەوە و هەماهەنگی گەشەپێدانی حکومەتی هۆڵەندی و شاندی یاوەری ،کە پێکهاتبوون لە باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق و کونسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومەتی هۆڵەندا.
لەدیدارەکەدا باس لەبەرەو پێشچوونەکانی سێکتەری کشتوکاڵ و ئاودێری و سامانی ئاژەڵ و پەلەوەری کرا لە هەرێمی کوردستان، لای خۆیەوە بێگەردتاڵەبانی سوپاسی هەماهەنگی و پشتیوانیەکانی وڵاتی هۆڵەندای کرد، کە هەمیشە هاوکاربوونە لە هێنانی کەل و پەلی کشتوکاڵی سەردەمیانە و شیاندن و ڕاهێنان پێکردن بە جوتیارانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کەسانی شارەزا و بە ئەزموونی ڕاوێژکاری خۆیاندا.
لیشیە شراینماخەر خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەسەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان و ئەو پێشکەوتنانەی هەرێمی کوردستان لە ڕووی کشتوکاڵ و ئاودێری بەخۆیەوە بینیوە، وە بەڵێنی پشتیوانی و هاوکاری وڵاتەکەی بۆ جوتیاران و هەرێمی کوردستان دوپاتکردەوە.
دواتر وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و شاندی میوان به يەكەوه سەردانی پڕۆژەی کارگەی جوتیار بۆ بەرهەمهێنانی چبس و فینگەریان کرد، کەلە لایەن وەبەرهێن و جوتیاری نموونەیی بەشار ئاغا دروست دەکرێت، بە هەماهەنگی وڵاتی هۆڵەندا لە دابینکردنی کەل وپەل و ئامێرەکانی کارگەکە، ئەم پڕۆژەیە تەنها پەتاتەی پیشەسازی خۆماڵی بەکاردەهێنێ و بەشێکی زۆری کارەکانی تەواو بووە.
هەر لە پەراوێزی سەردانەکەدا بێگەرد تاڵەبانی پڕۆژەیەکی پەلەوەری گۆشتی بەسەر کردەوە، کە لەلایەن وەبەرهێنەر سوارە بەشار بونیاد نراوە و پڕۆژەیەکی پەلەوەری ئۆرگانیە و چەندین بەرهەمی پەلەوەری ئۆرگانی دەخاتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و چەندین هەلی کاری بۆ گەنجان ڕەخساندووە.