بێگەرد تاڵەبانی، پێشوازیی لە بەڕێوەبەری ئۆفیسی ڕێکخراوی جایکای یابانی لە عێراق کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەکشەممە ، 2022/4/24 بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی ستافێکی وەزارەت پێشوازیکرد لە کەی تۆمایە بەڕێوەبەری ئۆفیسی ڕێکخراوی جایکای یابانی لە عێراق و ستافی یاوەری، بە بۆنەی تەواوبوونی ئەرکەکانی و ماڵئاواییکردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق ، لە هەمان کاتدا پیرۆزبایی کرد لە
(گێن یۆندا )بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەکو بەڕێوەبەری تازەی ئۆفیسی جایکا لە عێراق.
لەم دیدارەدا وێڕای بەخێرهاتنی شاندی میوان ،بێگەرد تاڵەبانی سوپاس و ڕێزلێنانی وەزارەتی پێشکەشی بەرێزیان کرد، دواتر هەردوولا جەختیان لەسەر هەماهەنگی و پەیوەندی بەردەوامی نێوانیان کردەوە.
هەر لەم دیدارەدا تاوتوێی دوایین بەرەو پێشچوون و هەنگاوەکانی ناوەڕۆکی یاداشتی لێکتێگەیشتی نێوان هەردوولا کرا دەربارەی (پەرەپێدانی تواناسازی بۆ توێژینەوە و ڕێنمایی کشتوکاڵی) وەکو هەنگاوێکی گرنگی وەزارەت ،کە لە ماوەی ڕابردوو لەگەڵ ڕێکخراوی جایکای یابانی واژۆ کرا .
ئامانجی سەرەکی لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە سوود وەرگرتنە لە ئەزموونی پێشکەوتووی وڵاتی یابان بۆ لە نزیکەوە هەماهەنگی و وەرگرتنی ڕاوێژکاری بۆ پەرەپێدانی تواناکان و ئامانجکردنی وێستگەکانی توێژینەوە و ڕێنمایی کشتوکاڵی، گرنگیدانی زیاتر بە ئاسایشی خۆراک و دەرفەتی کار و پێشکەشکردنی ڕێنمایی کشتوکاڵی، زیادکردنی داهاتی جوتیاران، لەڕێگەی ئاشنابوونی زیاتر بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی کشتوکاڵی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان
بە چەند قۆناغێک بۆ ماوەی چوار ساڵ .