هەنگاوەکانی بڕیاری دابینکردنی ئامێر و کەل و پەلە کشتوکاڵییەکان بۆ جوتیاران تاوتوێ کرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ، 2022/4/18 بێگەرد تاڵەبانی، کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاری تایبەتی ئەنجامدا بە ئامادەبوونی کەسانی شارەزا و نوێنەری یەکێتی جوتیاران و تیمی پەیوەندیداری وەزارەت، مەبەست لهو كۆبوونهوهیه تاوتوێکردنی دوایین هەنگاوەکانی بڕیاری دابینکردنی ئامێر و کەلوپەلە کشتوکاڵیەکان بوو بە قیستی درێژ خایەن، بە نرخی گونجاو و بە کوالێتی بەرز بۆ جوتیارانی هەرێمی کوردستان .
دوابەدوای تەواوبوونی پرۆسەی تۆمارکردنی ناو و زانیاری دەربارەی خواستی جوتیاران و ڕەچاوکردنی پێویستییەکانیان لەسەر ئاستی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، گفتوگۆی پێویست ئەنجامدرا بۆ وەرگرتنی سەرنج و پێشنیارەکان و دیراسەکردنی بڕیارەکە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی جوتیاران.
لە ئێستادا ئامادەکاری دەکرێت بۆ داڕشتنی میکانیزم و چوارچێوەی بانگهێشتکردنی کۆمپانیا و دامەزراوە پێشکەوتووەکانی جیهانی لە بواری دروستکردن و دابینکردنی ئامێر و کەلوپەله کشتوکاڵیەکان.
هەر له کۆبوونەوەكهدا جەخت کرایەوە لەسەر جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە و کارکردنی بەردەوام بە مەبەستی ئاسانکاری و گەیاندنی داخوازیەکانی جوتیاران و پەرەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و ئاودێری بە تەکنیکی پێشکەوتووی سەردەمی .