Skip to the content

پێداچونەوە بە یاسا و رێنماییە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و تەندروستی دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/٤/١٢ وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەیاوەری شاندێکی باڵای وەزارەت سەردانی وەزارەتی تەندروستی کرد و لەگەڵ د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی کۆبووەوە.
کۆبونەوەکە بۆ مەبەستی یەکخستن و پێداچونەوە بوو، بە هەموو ئەو کارە هاوبەشانەی تایبەت بە پشکنینی بەرووبومە کشتوکاڵی و پەلەوەری و ئاژەڵداری و رووەکی و شیرەمەنییەکان لەنێوان هەردوو وەزارەتدا، بەپێی یاساو ڕێنماییەکان لەپێناو بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
لە دیدارەکەدا کە تیمێکی پسپۆڕ لە هەردوو وەزارەت ئامادەیبوون بڕیاردرا کۆبونەوەکان لە نێوان تیمی هەردوولا بەردەوام بێت، بۆ ئەم مەبەستە کۆبونەوەی تەکنیکی و هونەری ئەنجامبدرێت لەپێناو بەرەو پێشبردنی زیاتری کارە هاوبەشەکان و بە بازاڕکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان لە بەرووبوومی خراپ و ناتەندروست کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێت.
لە کۆتاییدا بڕیاردرا بە ئەنجامدانی کۆبونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان تیمی هونەری هەردوو وەزارەت، بۆ پێداچوونەوە 
بەرێکاری پشکنینی هاوبەش لە مەرزەکان و پێداچونەوە بە یاسا و رێنماییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وەزارەت.