کۆنترۆڵکردنی بەفیڕۆدانی ئاو و ڕووبەڕووبوونەوەی کەمئاوی گفتوگۆی لەبارەیەوە کرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنجشەممە 2022/4/21 عبدالرحمن خانی بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکان بە نوێنەرایەتی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی کرد لە بەنداوی دوکان، کە لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداوەکان و بەڕێوەبەری گشتیی مەرکەزی نیشتمانی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق و بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی دیراساتی ناوچەی باکووری وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بەڕێوەچوو ،لەم کۆبوونەوەیەدا بەڕێوەبەرانی بەنداوەکانی دوکان، دەربەندیخان، حەمرین و دبس و بەڕێوەبەرانی سەرچاوەکانی ئاوی کەرکووک، دیالە و گەرمیان ئامادەبوون ،بۆ بڕیاردان و تاوتوێکردنی بارودۆخی ئاڵۆزی کەمئاوی و ڕەچاوکردنی ئاوی کۆکراوەی بەنداوەکان ، لە چوارچێوەی دابینکردنی پێویستیەکانی هاووڵاتیان لە ئاوی خواردنەوە و بەراو و باخ ،توانرا پلانێکی هاوسەنگی گونجاو لە پێناو بەرژەوەندی هەموو لایەک، بۆ کارپێکردنی بەنداوەکان و پڕۆژەکان دابنرێت ، هاوکات پێشنیارکردنی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لە کەرکووک، دیالە و گەرمیان بۆ ڕێگری و کۆنترۆڵکردنی بە فیڕۆدانی ئاوی زیادە و باشترین ئیدارەدان و دابەشکردنی ئاو بۆ هاوین و پایزی ئەمساڵ بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی قورسترین دیاردە و بارودۆخی کەمئاوی و وشکەساڵی لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا .