کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە نێوان وەبەرهێنەران و کۆمپانیا گەورەکانی وڵاتی فەرنسا و هەرێمی کوردستان ساز دهكرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەمە ،2022/4/11 بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە هاوبەشیی گرووپی کۆنفیدراسیۆنی بازرگانی فەرەنسا ،کە گەورەترین گرووپی خاوەنکارن لە فەرەنسا سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی گرنگی کرد ، ، ئەم کۆبوونەوەیە بە شێوەی ئۆنڵاین لەلایەن کاربەدەستانی باڵای (MEDEF)ی فەرەنسی ڕێکخرابوو ،بە ئامادەبوونی ستافێکی باڵای وەزارەت و کونسوڵی گشتی وڵاتی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان و نوێنەری حکومەتی هەرێم لە فەرەنسا و لەگەڵ بەشێک لە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی وڵاتی فەرەنسا.
لەم کۆبوونەوەیەدا بە وردی باسی دۆخی سێکتەری کشتوکاڵ و ئاودێری و هەنگاوەکانی بەرەو پێشچوونی ئەو سێکتەرە لە بوارەکانی ئاژەڵداری و گاوداری و بەروبوومە کشتوکاڵییەکان و پڕۆژەکانی خانووی پلاستیکی و بەروبوومی دانەوێڵە و کارگەکان و ستراتیژی بەڕێوەبردنی ئاو دروستکردن و بونیادنانی بەنداوە گرنگ و ستراتیژیەکان بە شێوازی (PPP) و دوایین لێکتێگەیشتنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەگەڵ گرووپی نێودەوڵەتی powerchina بۆ دروستکردنی 4 بەنداوی گرنگ کرد.
لە تەوەرێکی تردا باس لە کاریگەری گۆڕانی کەش و هەوا و کاریگەری جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا و ئاڵەنگاریەکان و پێویستییەکانی وەزارەت و ئاشناکردنی جوتیاران کرا، بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی بەرهەمهێنان و چەندین تەوەری تر ،بۆ ئەم مەبەستە ڕاو سەرنجەکان لە نێوان ئامادەبووان ئاڵوگۆڕ کرا. لەپێناو هەماهەنگی و پتەوکردنی پەیوەندییەکان و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی پێشکەوتووی وڵاتی فەرەنسا و کارئاسانی و هاندانی وەبەرهێنەران بۆ ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری لە هەرێمی کوردستان .
لە ژێر ڕۆشنایی ئەنجامی تێگەیشتن و پەسندکردنی ناوەڕۆکی ئەم کۆبوونەوەیە، بڕیاردرا کە ئامادەکاری بکرێت بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە نێوان وەبەرهێنەران و کۆمپانیا گەورەکانی وڵاتی فەرنسا و هەرێمی کوردستان بۆ زیاتر لێکنزیکبوون و ئەنجامدانی کاری هەماهەنگی لە کەرتی کشتوکاڵی و ئاودێری و گرنگیدانی زیاتر بە جوڵەی بازرگانی و پیشەسازی کشتوکاڵی لە نێوان هەردوو لادا.