ئەنجوومەنی باڵای پیشەسازیی پەلەوەری پارێزگاری لە پڕۆژە پەلەوەرییەکان دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ئابی٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی پەیوەندیداری وەزارەت و نوێنەری دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و نوێنەری بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ و نوێنەری بازنەکانی پەلەوەر، ئەنجوومەنی باڵای پیشەسازیی پەلەوەری بەمەبەستی تاوتوێکردنی چەندین بابەتی گرنگ کۆبووەوە. پرسە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەش بریتی بوون لە:
١-ئەگەری دانانی باجی گومرگی لەسەر بەرهەمی هێلکە و مریشک، هاوشێوەی حکوومەتی ناوەندی. ئەوەش بە مەبەستی پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازیی پەلەوەری.
٢-جەخت لە بەبازاڕکردن و ساغکردنەوە و بەکارهێنانی بەرهەمی گۆشتیی مریشک و کێڵگەکانی پەلەوەری و سەڕبرینخانەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە، لەلایەن وەزارەت و فەرمانگە و دام ودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گرتووخانەکان و مارکێت و چێشتخانەکان.
٣- تاووتوێی کێشە و ئاستەنگەکانی خاوەنی پڕۆژەکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی وەزارەت کرا بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم بەتایبەتی دەرباری کۆنتڕۆڵکردن و هەماهەنگی لە دەروازە و سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق.
لە کۆتاییدا لەنێوان سەرجەم ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە چەندین سەرنج و پێشنیاری گرنگ گەڵاڵە و تاوتوێکران بە ئامانجی بووژانەوە و گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی بەخێوکردنی مریشک و بەرهەمی خاوەن کێڵگەکانی پەلەوەری.