ساڵانە ٣٠ خوێندکار دەبنە ئەندازیاری فڕۆکە و فڕۆکەوان
هەولێر،هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- پشتیوان ئەحمەد حاتەم، بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت سەردانی فڕۆکەوانی کشتوکاڵی عەربەتی بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لەکاروبارو کێشەو گرفتەکانیان کرد.
فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت یەکێکە لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی سەر بەدیوانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەساڵی ۲۰۰۷ بەبڕیاری حکومەتی عێراق ڕێگەی پێدراوە دواتر لە ساڵی ۲۰۱٨ بە فەرمی ناسێندرا و مۆڵەتی وەرگرتووە بۆ بواری خزمەتگوزاری کشتوکاڵی و ڕاهێنان و گەشت و گوزار و ئاگر کوژاندنەوە.
لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بەدیوانی وەزارەتە، لەڕووی هونەری و یاسایی سەر بە فڕۆکەوانی عێراقە. و فڕۆکەخانەکە لەسەر ڕوبەری ٤٤٥ هەزار مەتر چوارگۆشە دامەزراوە وحەوتەمین فڕۆکەخانەیە لەسەر ئاستی عێراق و سێیەمین فڕۆکەخانەیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و یەکەمین فڕۆکەخانەی بواری خزمەتگوزاریە لەسەر ئاستی عێراق.
لەئێستادا ٤ فڕۆکە و ئەکادیمی نێودەوڵەتی بۆ فێربوونی بواری ئەندازیاری فڕۆکە و فڕۆکەوانی تیادا دامەزراوە، کە بۆتە مەڵبەندێک بۆ پێگەیاندنی ئەندازیاری فڕۆکە و فڕۆکەوان لە عێراقدا، جگە لەبواری کشتوکاڵی بۆڕاهێنان وگەشتیاری و ئاگر کوژاندنەوە بەکاردێت، ساڵانە ٣٠ خوێندکار دەبنە ئەندازیاری فڕۆکە و فڕۆکەوان.
لەئێستادا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ١٠٠ فڕۆکەوان و ئەندازیاری فڕۆکە و دوو فڕۆکەخانەی نێو دەوڵەتی وفڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت هەیە، لەلایەن خۆیەوە بەرێوەبەری گشتی دیوان سوپاس و دەستخۆشی وەزارەتی گەیاند بۆ بەڕێز کاپتن نەورۆزی بەڕێوەبەر و تەواوی کارمەندان و هێزەکانی ئاسایشی ناخۆ کە لەو فڕۆکەخانەیە دڵسۆزانە خزمەت دەکەن.