وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەدواداچوون بۆ کێشەی جووتیاران دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ئابی ٢٠٢٢، حوسێن حەمە کەریم، بەڕێوەبەری گشتی و وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە نوێنەرایەتیی وەزارەت بەشداریی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی کرد، کە تایبەت بوو بە بەدواداچوون بۆ کێشەکانی جووتیاران و بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران و کوالیتیی بەرهەمی ئاردی هاوردە بۆ هەرێمی کوردستان.
ئەم کۆبونەوەیە لەلایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی رێکخرابوو، کە تیایدا نوێنەری وەزارەت و نوێنەری پەرلەمانی عێراق و وەزارەتی بازرگانی و ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و نوێنەری کۆمپانیای دانەوێڵە و چاودێریی بازرگانی و ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئامادەی بوون.
حوسێن حەمە کەریم لەو کۆبونەوەیە باسی گرنگیپێدان و هەوڵەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی کرد، بەتایبەتی لە بەکارخستنی پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران و دەرچوونی یاسای پەسندکردن و هاوردەکردنی شەتڵ و بنەتۆو بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان. هەروەها جەختی لەسەر دابینکردن و پارێزگاری لەسەر ئاسایشی خۆراک بۆ بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتیان و جووتیاران بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە.