وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەوڵی دابەزاندنی نرخی عەلەفدایە
هەولێر ، هەرێمی کوردستان ، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەمە ١١ی ئابی ٢٠٢٢، بەسەرپەرشتیی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و بەئامادەبوونی ڕاوێژکار و لیژنەی تایبەتمەندی وەزارەت، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەمەبەستی لەنزیکەوە بەدواداچوون و تاووتوێکردنی کێشە و گرفتی خاوەنی پڕۆژە و کێڵگە پەلەوەرییەکان و هەوڵدان بۆ ساغکردنەوەی بەروبوومەکانیان و دابەزینی نرخی ئالیک و تێچووەکانی بەرهەمێنان بەڕێوەچوو.
دوابەدوای خستنەڕووی سەرجەم سەرنج و پێشنیارەکان، بڕیار درا بەهۆی دابەزینی کەرەستەکانی ئالیکی پەلەوەر، کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ خاوەنی سەرجەم کارگەکانی عەلەف ئەنجامبدرێ، لە ڕێگەی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان لەگەڵ نوێنەرایەتیی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان و نوێنەرایەتیی چاودێریی بازرگانی و ئاسایشی ئابووری، بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکاندا نرخی عەلەف دابنرێتەوە، بەراورد بە دابەزینی نرخی کەرەستەکانی عەلەف کە لە ئێستادا بە ڕێژەیەک دابەزیوە، بۆ ئەوەی خاوەن کارگەکانی عەلەف ئەوە لەبەر چاو بگرن و نرخی عەلەف بۆ خاوەنی کێڵگە و پڕۆژەکان دابەزێنن.
لە تەوەرەیەکی تردا دەربارەی خاوەنی کوشتارگە پەلەوەرییەکان بڕیار درا لە هەفتەی داهاتوودا کۆبوونەوەیەک لەگەڵ خاوەنی کوشتارگە پەلەوەرییەکان ئەنجامبدرێ بەمەبەستی بەبازاڕکردنی بەرهەمی پڕۆژە پەلەوەرییەکان. ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی دۆزینەوەی هەلی بەبازاڕکردنی بەرهەمەکان و چارەسەرکردنی گرفتەکانە، هەروەک بریاردراوە لیژنەی تایبەت بە یەکدەستکردنی ڕۆژنامەی کشتوکاڵی لە داهاتوویەکی نزیک لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کۆببێتەوە، بە ئامانجی دووپاتکردنەوەی پارێزگاری لە بەرهەمی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.
لەکۆتاییدا بڕیاردرا کە هەماهەنگی بکرێ لەگەڵ وەزارەت و دەستەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە فەرمانگەکانیان بەرهەمی کێڵگە پەلەوەرییەکانی ناوخۆ بەکاربهێنن کە لەلایەن سەربڕینخانەکانی ناوخۆ بەرهەمدەهێنرێت، ئەوەش بەمەبەستی زەمینەسازی و دەرفەتی بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیان، وەک هەنگاوێکی نیشتیمانی بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و جووڵەی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازیی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستاندا.