بۆ بەرەنگاریی گۆڕانی کەشوهەوا هەڵسەنگاندن بۆ پلان و ئامرازە پێویستەکان دەکرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ١٥ی ئابی ٢٠٢٢، وۆرکشۆپی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی پێداویستییە تەکنەلۆژییەکانی عێراق بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا بەڕێوەچوو؛ بۆ دیاریکردنی ئەو رێوشوێن و پلان و پرۆژانەی کە لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە پێشکەش کراوە.
هاوکار جەلال بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی و بەشدار لە وۆرکشۆپەکەدا ڕایگەیاند "ئامانج لەم وۆرکشۆپە دیاریکردنی ئەو رێوشوێن و پلان و پڕۆژانەیە کە لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە پێشکەش کراون، بەتایبەت لە بوارەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وزە و پیشەسازی، تا وەک هەوڵێکی نیشتمانی و گشتگیر هەر بەڕێوبەرایەتییەکی پەیوەندیدار بەو بوارە چۆن بتوانێ پرۆژەی خۆی ئامادە بکات و پێشکەشی بکات و لەو بودجەیەدا جێی بکاتەوە کە سندوقی کەشوهەوای سەوز و UNIDO و چەندین ڕێکخراوی تری جیهانی دەیبەخشێت و عێڕاقیش بەوپێیەی بەشێک لەکاریگەرییەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوای لەسەرە، دەبێ رۆڵی هەبێ و پڕۆژە پێشکەش بکات و هەوڵەکانی بخاتەگەڕ تا هاوشانی هەوڵە جیهانییەکان بێت".
گوتیشی "ئەم وۆرکشۆپە یەکێکە لە هەنگاوەکانی ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی گەرمبوونی هەوا و چۆنییەتی دانانی میکانیزم و رێگای تەکنەلۆجی بۆ دابەزاندنی رێژەی دوانۆکسیدی کاربۆن و دانانی پلانی تەکنەلۆجی و خستنەڕووی بیرۆکەی پرۆژە پێشنیارکراوەکان کە تا ٢٢ی ئابی ٢٠٢٣ کراوە دەبێت".
بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی رایگەیاند وۆرکشۆپەکە یەک رۆژ دەخایەنێت و تێیدا چەندین پسپۆڕی بواری ژینگەی عێراقی و نەرویژی وانەی تێدا دەڵێنەوە.