بۆ پێدانی قەرز بە جووتیاران وەزارەتی کشتوکاڵ لەگەڵ بانکێک هەماهەنگی دەکات
هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی ئابی ٢٠٢٢، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی ستافێکی وەزارەت لەگەڵ سارا سەید محەمەد بەرێوەبەری پەیوەندییەکانى بانکی ئەلقورتاسی ئیسلامی بۆ پاڵپشتیی پڕۆژەی بچووک و مامناوەند کۆبووەوە.
لەو دیدارەدا لە نزیکەوە تاووتوێی هێنانەکایەی جۆرێک لە لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزارەت و بانکی ناوبراو کرا، بە مەبەستی پاڵپشتیی پێدانی قەرزی کشتوکاڵی بۆ ئەو جووتیارانەی کە بیرۆکەی بونیاتنانی پڕۆژەی بچووک و مامناوەندیان لە سێکتەری کشتوکاڵی و پیشەسازیی کشتوکاڵیدا هەیە.
لە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکە بڕیاردرا لە ئایندەیەکی نزیکدا ئامادەکاری بۆ نووسینی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ بانکی ناوبراو بکرێت؛ ئەم هەنگاوەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی کشتوکاڵی و کاری جووتیاران و بووژانەوەی سێکتەری کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستاندا.