Skip to the content

بێگەرد تاڵەبانی لەگەڵ سەندیکای ئەندازیارانی کشتوکاڵی کۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ئابی ٢٠٢٢، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی راوێژکار و بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەزارەت، لەگەڵ سەندیکای ئەندازیارانی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان کۆبۆوە.

لە دیدارەکەدا دوای سوپاس و پێزانینی سەندیکا بۆ وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لەپای پاڵپشتی بەردەوامیان لە سەندیکای ئەندازیارانی کشتوکاڵی، باس لە هەماهەنگیی وەزارەت و سەندیکای ئەندازیارانی کشتوکاڵی کرا لە بارەی پرۆژەی سەرپەرشتیارانی پرۆژەکشتوکاڵییەکان و هاوتاکردنی دەرماڵەی ئەندازیارانی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەندازیارانی کشتوکاڵی عێراق و ئەنجامدانی کۆنفرانسی هاوبەش لە نێوان وەزارەت و سەندیکا، هەروەها پێدانی قەرزی بچووک بە ئەندازیارانی کشتوکاڵی بۆ وەبەرهێنان لە بواری کەرتی کشتوکاڵی باسی لێوەکرا.

شیاوی باسکردنە لە دیدارەکەدا بێگەرد تاڵەبانی ڕایگەیاند "هەمیشە پشتوانی لە سەندیکای ئەندازیارانی کشتوکاڵی دەکەین و دووپاتی دەکەینەوە کە دەبێت سەندیکا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە هاندان و پاڵپشتیکردنی ئەندازیارانی کشتوکاڵی بەتایبەتی بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆژەکشتوکاڵییەکان لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی کوالێتی بەرهەمهێنان بەشێوازی سەردەمیانە و پێشکەوتوو".

لەکۆتاییدا جەخت لەسەر هەماهەنگی و کاری بەردەوام لە نێوان وەزارەت و سەندیکای ئەندازیارانی کشتوکاڵی کرایەوە.