Skip to the content

هەرێمی کوردستان کار بۆ زیاد کردنی دارستان و ڕووپۆشی سەوزایی دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی ئابی ٢٠٢٢، هەڵكەوت عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازی لە عەلی ڕەزا قوڕەشی، بەڕێوەبەری بەرنامەی خۆراكی جیهانیی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق کرد.

لە دیدارێکدا گفتۆگۆ کرا لە بارەی گۆڕانی كەشوهەوا و ڕۆڵی دارستان و زیادكردنی ڕووپۆشی سەوزایی لە كەمكردنەوەی زیانەكانی ئەو دیاردە جیهانییە کە ساڵ لە دوای ساڵ كاریگەرییە نەرێنییەكانی لەسەر كەرتی كشتوكاڵ و ژینگە زیاتر دەبێت.

هەر لە دیدارەکەدا تاوتوێی ئەو هەنگاو و پلانانە کرا كە بە مەبەستی ئامادەكاری بۆ پڕۆژەكانی ڕێكخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەرێمی كوردستان و ئەنجامدانی كاری هاوبەش بۆ پاراستن و زیادكردنی دارستان و ڕووپۆشی سەوزایی خرانەڕوو، ئەوەش لە ڕێگەی پشتگیری و پشتیوانیی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی بواری كشتوكاڵ و ژینگە بۆ هەرێمی كوردستان.