Skip to the content

هەڵمەتی "پەرژین بکە بە درەخت" بۆ چاندنی درەخت ڕاگەیەنرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی ئابی ٢٠٢٢، بەسەرپەرشتیی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، وەزارەتی کشتوکاڵ بە هەماهەنگیی ڕێکخراوی مێرگ و بە سپۆنسەری گرووپی کۆمپانیاکانی گەلیاوە، لە بۆنەیەکدا بە درووشمی "پەرژین بکە بە درەخت" هەڵمەتی نیشتیمانی بۆ درەخت چاندن ڕاگەیاند. 

ئامانجی سەرەکیی وەزارەت لەم هەڵمەتە نیشتیمانییە، هەنگاونانە بەرەو کوردستانێکی سەوزتر و پاڵپشتیکردنی جووتیاران بە زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و پەرژینکردنی زەویەکانیان بە دار و  درەخت و بەکەلتوورکردنی چاندنی درەخت. ئەوەش بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییە خێراکانی کەش و هەوا و وشکەساڵی و تەوژمی بەبیابانبوون و پیسپوونی ژینگە.

لە ئیڤێنتەکەدا بەشێک لە وەزیر و سەرۆکی فەرمانگە و دەستەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان و کونسوڵ و نوێنەرایەتیی وڵاتان و ڕێکخراوە جیهانی و نێوخۆییەکان و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی سەرمایەگوزاری و کشتوکاڵی و پیشەسازی و بیناسازی ئامادەی بوون و پاڵپشتی و پشتیوانیی خۆیان پیشان دا بۆ ئەوەی پێکەوە لەگەڵ فەرمانگە کشتوکاڵییەکانی وەزارەت، لە دابینکردن و ڕوواندنی دار و درەخت و زیادکردنی پانتایی سەوزایی لە هەرێمی کوردستاندا بەشدار بن.