Skip to the content

وەزارەتی کشتوکاڵ کار بۆ جێبەجێ کردنی پرۆژەیەکی باخداری و سەوزە و مییوە دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی چوارشەممە ،٣١ی ئابی ٢٠٢٢، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازی کرد لەگروپی وەبەرهێنەری پڕۆژەی گاردن کەپیتەل / Garden Capital کە بەمەبەستی خستنەڕووی ناوەڕۆکی پرۆژەی بەرهەمهێنانی لقەکانی باخداری و سەوزە و میوە و نەمامی جوانکاری لەکێڵگەوە تا قۆناغی بەرهەمهێنان و پاکێچین و خستنەبازاڕ سەردانی وەزارەتیان کردبوو.
بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازی و پاڵپشتی ئەم جۆرە پڕۆژانە دەکات لەچوارچێوەی ستراتیژییەت و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و بەپێی یاسا و رێنماییە بەرکارەکان کە دەرفەتێکی گرنگە لەپێناو پاڵپشتی بەرهەمی ناوخۆی و ڕەخساندنی دەرفەتی کار و زیادکردنی دڵنیایی ئاسایشی خۆراک و بەهێزکردنی جوڵەی ئابوری و پشەسازی کشتوکاڵی.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاماژەشی بەوەدا کە پڕۆژەکە لەلایەن لێژنەیەکی زانستی و هونەری وەزارەت دیراسە دەکرێت بەئامانجی جێبەجێکردنی.